سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان سه‌ركۆنه‌ى ته‌قینه‌وه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ى قامشلۆ ده‌كات

ئه‌مرۆ له‌ قامشلۆ و حەسەکە ته‌قینه‌وه‌ روویاندا


له‌ په‌یامێكدا سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ركۆنه‌ى ته‌قینه‌وه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ى قامشلۆ ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تى:-

به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ تیرۆرستانى داعش ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18/8/2019 له‌ قامشلۆ‌ ئه‌نجامیان دا و زیانى گیانى و ماددى لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها لە حەسەکەش مینێک بە ئۆمبێلێکدا تەقێندراوەتەوە و کەسێک بریندار بووە.

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى قوربانییان ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین، هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران و به‌ركه‌وتووان ده‌خوازین.

سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى جموجوولى تیرۆریستانى داعش و كاره‌ تیرۆرستییه‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیى ڕاسته‌قینه‌ن و له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تیش پێویستى به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى زیاتر و كارى جددیترە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و له‌ناوبردنیان.

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان
18/8/2019