پنتاگۆن: ناوچه‌ى ئارام هیچ خاڵێكى سه‌باره‌ت به‌ گۆڕينى دیموگرافیاى ناوچه‌كه‌ى تێدا نییه‌

پنتاگۆن: دانووستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامن

به‌پێى هه‌واڵێكى روسیا الیوم، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا (پنتاگۆن) رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 8ى ئابى 2019، رایگه‌یاند: دانووستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ى میكانیزمی ئاسایش و فه‌رمانده‌ى هاوبه‌شه‌وه‌، به‌بێ دروست كردنى ناوچه‌ى ئارام له‌ باكوورى سوریا وه‌ك توركیا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات. 

پنتاگۆن له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا راشیگه‌یاند: ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ توركیا كراوه‌، هیچ خاڵێكى سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی دیموگرافیاى ناوچه‌كه‌ تێدا نییه‌. 

شۆن رۆبرسۆن گوته‌بێژى پنتاگۆن له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتى: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا سه‌باره‌ت به‌ نوێكردنه‌وه‌ و دیاركردنى میكانزمى نوێى ئه‌منى له‌ باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا قسه‌مان كردووه‌ و گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن، هه‌روه‌ها گوتیشى: پنتاگۆن كار بۆ دانانى سه‌ربازگه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ توركیا ده‌كات تا پلان و میكانیزمى هاوبه‌ش دابنێن. 

رۆبرسۆن ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا به‌یاننامه‌كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسى له‌ دروستكردنى ناوچه‌ى ئارام له‌ باكوورى سوریا نه‌كردووه‌، وه‌ك توركیا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات، ناوبراو ئه‌وه‌شى بیرخسته‌وه‌ پنتاگۆن یشتگیرى هاوپه‌یمانانى ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ به‌رگریكردن و له‌ناوبردنى داعش. 

شۆن رۆبرسۆن گوته‌بێژى پنتاگۆن له‌ كۆتایى قسه‌كانى جه‌ختى له‌سه‌ر دانووستانه‌كه‌ كرده‌وه‌ و گوتى: دانووستاندن له‌گه‌ڵ توركیا، له‌باره‌ى میكانیزمى ئاسایشه‌وه‌ به‌نێو چه‌ندین قۆناغ ده‌ڕوات و گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان هێشتا به‌رده‌وامه‌.

حكومه‌تى توركیا دوێنێ بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ دروستكردنى ناوچه‌یه‌كى ئارام و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى سوریا بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكاش له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: دانووستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ى میكانیزمی ئاسایش و فه‌رمانده‌ى هاوبه‌شه‌وه‌، به‌بێ دروست كردنى ناوچه‌ى ئارام له‌ باكوورى سوریا وه‌ك توركیا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات. 

 

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز