دەستگیركردنی داڕێژەری پلانی هەڵاتنی 14 بەندكراوەكەی بەغدا راگەیەندرا

تا ئێستا شەش كەسیان ده‌ستگیر نه‌كراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هێزەكانیان ئەو كەسەیان دەستگیركردووە كە بە داڕێژەری پلانی هەڵاتنی 14 بەندكراوی سزادراوی نێو بنكەیەكی پۆلیس لە رۆژهەڵاتی بەغدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دادەنرێت.

بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق "بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان بەیانی ئەمڕۆ ئەو كەسەیان دەستگیركردووە كە داڕێژەری پلانی پڕۆسەی هەڵاتنی بەندكراوانی بنكەی پۆلیسی قەنات بووە لە بەغدا".

گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا سەعد مەعن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "دادگای هێزەكانی ناوخۆ بڕیارێكی دەركردووە لە بارەی ئەو كەسانەی لە پرسی هەڵاتنی بەندكراوەكان تێوەگراون، بڕیارەكەش دەركردنی پێنج ئەفسەر و سێ‌ كارمەندی تر لە خزمەت لەخۆ دەگرێت".

دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنەوەی كەسی هەشتەمی لە بەندكراوە هەڵاتووەكان راگەیاند، جەختی لەوەشكردەوە کە هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ گرتنەوەی بەندكراوە هەڵاتووەكانی تر كە تا ئێستا شەش كەسیان ده‌ستگیر نه‌كراون.