وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا به‌ڵینى به‌ بونیادنانى هاوپه‌یمانییه‌كى به‌هێز دژى روسیا و ئێران دا

لێدوانەكەی دواى ئه‌وه‌ دێت گرژى و ئاڵوزى كه‌وته‌ نێوان له‌نده‌ن و تاران

به‌پێى هه‌واڵێكى سپوتنیكى رووسى، دۆمینیك راب وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا بۆریس جۆنسون دواى رێكخستنه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى وه‌ك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌ستنیشان كرا.

دۆمینیك راب ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ به‌ریتانیا ئاماده‌یه‌ به‌ رێككه‌وتن یا به‌بێ رێككه‌وتن یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌جێ بهێڵێت له‌ 31ى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ.

دۆمینیك راب وه‌زیره‌ نوێیه‌كه‌ى به‌ریتانیا ڕاگه‌یاندووه‌: پلانى له‌نده‌ن ئه‌وه‌یه‌ "په‌یوه‌ندیی ئابوورى له‌گه‌ڵ وڵاتى دیكه‌ دروست بكات له‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوكاره‌ ئه‌وروپییه‌كان، ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ وڵاته‌كه‌ى هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كى نوێ دروست ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئێران و روسیا دواى كشانه‌وه‌یان له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا".

دۆمینیك له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ڕۆژى دووشه‌ممه‌ له‌ له‌نده‌ن به‌ر له‌ سه‌ردانى بۆ كیشوه‌ری باكوورى ئه‌مریكا گوتى: كاركردنى وڵاته‌كه‌مان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ دڵنیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ رێكخستنى رێككه‌وتنێكى بازرگانى به‌هێز و فراوان و دابه‌زاندنى نرخ بۆ به‌كاربه‌ران و رێزگرتن له‌ پێوانه‌ى بڵندمان. 

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا ئاماده‌ین هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كى به‌هێز بنیات بنێین بۆ ئه‌وه‌ی یاساى نێوده‌وڵه‌تى به‌رز ڕابگیرێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات كه‌ بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ ئاسایشى به‌ریتانیا.

لێدوانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا دواى ئه‌وه‌ دێت گرژى و ئاڵوزى كه‌وته‌ نێوان له‌نده‌ن و تاران له‌و كاته‌وه‌ى كه‌شتى نه‌وتهه‌ڵگرى گریس 1ى ئێران ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا له‌لایه‌ن سوپاى ده‌ریایى شاهانه‌ى به‌ریتانیا له‌ گه‌رووى جه‌بل تاریق له‌ 4ى ته‌مووزى ساڵى 2019، به‌ریتانیا ده‌ست به‌سه‌رگرتنى كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌كه‌ی به‌وه‌ ناوبردبوو كه‌ به‌هۆى پێشێلكاریى سزاى یه‌كێتى ئه‌وروپا بووه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، تارانیش ڕه‌تیكرده‌وه‌ و ئه‌و ده‌ست به‌سه‌رگرتنه‌ى بۆ سه‌ر كه‌شتیه‌كه‌یان به‌ كردارێكى جه‌رده‌یى ناوبرد كه‌ پێشینه‌یه‌كى مه‌ترسیدارى ده‌بێت.

جێى ئاماژه‌پێدانه‌ دۆمینیك راب وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا هه‌فته‌ى پێشوو له‌ سه‌ردانێكى بۆ شارى بانكۆكى پایته‌ختى وڵاتى تایله‌ند، له‌گه‌ڵ 20 وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتانى ناوچه‌ى كیشوه‌رى ئاسیا و ده‌ریاى هێمن كۆبووه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى گفتوگۆ له‌سه‌ر ده‌رفه‌تى بازرگانى و به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیى دبلۆماسى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا.

 

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز