به‌رنامه‌ی (به‌یانی باش كوردستان) مۆمی پانزه‌یه‌مینی داگیرساند

به‌یانی باش كوردستان یه‌كه‌م به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆی رۆژانه‌ بووه‌ له‌ میدیای كوردی

ن/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

ته‌له‌فزیۆن ئه‌و میوانه‌یه‌ كه‌ به‌بێ له‌ ده‌رگه‌دان ده‌چێته‌ ماڵی هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ، بۆیه‌ له‌هه‌موو روێكه‌وه‌  گرنگی زۆری هه‌یه‌، به‌جۆرێك كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنی زۆری ده‌بێت له‌نێو كۆمه‌ڵگا به‌گشتی به‌ تایبه‌تیش له‌ نێو خێزان.

 له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ بتواندرێت به‌رنامه‌یه‌ك له‌ كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی پێشكه‌ش بكه‌یت ، كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزان له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌یری به‌رنامه‌كه‌ بكه‌ن،به‌جۆرێك به‌رنامه‌كه‌ تایبه‌ت نه‌بێت به‌ چینیك یان ته‌مه‌نێكی دیاركراو، واته‌ به‌رنامه‌كه‌ گشتگیری بێت و به‌ شێوازێك بێت كه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی ماڵه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ن هه‌ر له‌ شێوازی زمانی قسه‌كردن و وێنه‌گرتن و كاتی پێشكه‌ش كردن... پێویسته‌ له‌هه‌موو به‌رنامه‌یه‌ك ره‌چاوی لایه‌نی داب و نه‌ریته‌كان بكرێت له‌هه‌مان كاتیشدا لا‌یه‌نی ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت،.. ته‌له‌فزیۆنیش به‌و پێیه‌ی كه‌ میوانی ‌هه‌موو ماڵێكه‌ فاكته‌رێكی زۆر گرنگه‌ ‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ربه‌رنامه‌یه‌ك به‌ئاسانی په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌ێنێته‌ بینه‌ران.  

له‌دوای راپه‌رینی ساڵی 1991 گه‌لی كوردستان، چه‌ندین كه‌ناڵی ئاسمانی كوردی له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان په‌خشی خۆیان  ده‌ست پێكرد (ته‌له‌فزیۆنی كوردستان) یه‌كه‌مین كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان بوو  له‌ ناو كوردستان ، په‌خشی خۆی ده‌ستی پێكرد ، بۆیه‌ به‌ ته‌له‌فزیۆنی دایك ناوزه‌ند كراوه‌.

ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین به‌رنامه‌ی (به‌یانی باش كوردستان)ه‌ له‌ كوردستان تیڤی كه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌گه‌ڵ زرینگی رۆژهه‌ڵاتن بۆماوه‌ی دوو كاتژمێر به‌ كۆمه‌ڵێ بڕگه‌وه‌ ده‌بێته‌ میوانی ماڵه‌كان،ئه‌مرۆش 5/8 چوارده‌ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ تێپه‌ڕده‌بێت ،یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی له‌ 5/8/2005 پێشكه‌ش كراوه‌ خزمه‌تێكی زۆری به‌ میدیاو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی كردووه‌ ، چونكه‌ به‌رنامه‌ی ( به‌یانی باش كوردستان) یه‌كه‌م به‌رنامه‌ی رۆژانه‌ی راسته‌وخۆ بووه‌ له‌ میدیای كوردی بێ پچران به‌رده‌وام تائێستاش پێشكه‌ش ده‌كرێت له‌و كاته‌ی پیرۆزبایی ساڵیادی دامه‌زراندنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌كه‌ین ، له‌هه‌مان كاتدا پێمان باش بوو له‌ ماوه‌ی ئه‌و (14) ساڵه‌ییدا چاوخشانێك به‌ نێو بڕگه‌كانی نێو به‌رنامه‌كه‌ بخشێنینه‌وه‌.

به‌رنامه‌ی (به‌یانی باش كوردستان ) كۆمه‌ڵێ بڕگه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌ ،كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌موو كایه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگای كوردستانی وه‌كو(په‌روه‌رده‌، خێزان ، وه‌رزش، ژینگه‌ ، ته‌ندروستی ، هونه‌ر ، ئه‌ده‌ب ، سایكۆلۆژی ، داب و نه‌ریت ، منداڵان ، رێنمایی  .....) هه‌ر له‌م به‌رنامه‌یه‌دا چه‌ندین دیداری هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی پسپۆر ئه‌نجام دراون و یادی سه‌دان كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب و میدیا كارو كه‌سایه‌تییه‌كانی كردۆته‌وه‌،  له‌ هه‌مان كاتیشدا چه‌ندین  كێشه‌ و ئاریشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ به‌ به‌رنامه‌وه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌.. خاڵێكی تری ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ شوێنی هه‌موو چین و توێژه‌كان و ره‌نگه‌كان بووه‌، هاوكات شوێنی بڵاوكردنه‌وه‌ی كارو چالاكییه‌كانی  هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و كه‌مایتیه‌كان بووه‌ ،  به‌ ئازادانه‌ بیرو بۆچون و حه‌ز و ویستیان ده‌ربڕیوه‌.

چه‌ندین كارمه‌ند له‌ به‌رنامه‌ی (به‌یانی باش كوردستان) كاریان كرده‌وه‌ ئێستا هه‌ندێكیان وه‌كو پێشكه‌شكار، ده‌رهێنه‌ر ، جێبه‌جێكار ، وێنه‌گر.. له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندی تر كار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌سكه‌وتێكی تره‌ بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ، لێره‌ ئاماژه‌ به‌ ناوی پێشكه‌شكارو  و ده‌رهێنه‌ره‌كان ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی وه‌كو بێژه‌ر كاریان كردوه‌ بریتیتن له‌ ( سالار غریب، كامه‌ران عومه‌ر ،چرۆ ئیسماعیل ، به‌سۆز حاجی ، كه‌لسوم شوان ، به‌فرین ، كامه‌ران مه‌رعی ، رازاو سه‌عید ، دلێر محه‌مه‌د ، ساره‌ جه‌عفه‌ر ، نساران هه‌ورامی ، كوێستان خوسه‌ره‌وی ، سامان ستار، دڵپاك زێرڤان ، میران محمه‌د ، دێژین ئازاد ، ئه‌میر عه‌بدولڕحمان ، سوریه‌ حسێن ، دیانا  ره‌مه‌زان ، به‌رخودان به‌لۆ ، شه‌یان ته‌حسین ، په‌روه‌ر محمه‌د ، هونه‌ر ڕه‌شید ، ژینده‌ ، ئاواره‌ هه‌ورامی، هێڤی هیوا.. ) هه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تی پێشكه‌شكاره‌كان به‌رێز (میران محه‌مه‌د ) كۆنترین پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی (به‌یانی باش كوردستان)ه‌ كه‌ تائێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌و كاته‌ی چه‌ندین كه‌ناڵی تر داوایان لێكردوه‌ كاریان له‌گه‌ڵ بكات ، به‌ڵام ئه‌و هه‌موویانی ره‌تدكردۆته‌وه‌.. ئه‌وه‌ش ماییه‌ی رێز و ستایشه‌.. له‌لایه‌كی تر  نابێ رۆڵی مامۆستا (یوسف عوسمان)ی ده‌روناس له‌ بیر بكه‌ین كه‌ هه‌موو رۆژانی شه‌مه‌ بۆماوه‌ی هه‌شت ساڵ ده‌بووه‌ میوانی به‌ر نامه‌ی (به‌یانی باش كوردستان) جگه‌ له‌ پێشكه‌ش كردنی رێنمایی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی، هاوكارێكی باشیش بوو له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ راسته‌وخۆیه‌كان.

ده‌رهێنه‌ره‌كانیش بریتی بوون له‌ (ناسر سوبحانی ، سه‌فین ئه‌حمه‌د ، مزه‌فه‌ر مه‌جید ، كاروان زامدار، ته‌یب قادر ، لوقمان خلیل) ئێستا كاك لوقمان خه‌لیل جگه‌ له‌ كاری ده‌رهێنان ئاماده‌كاری به‌رنامه‌شه‌  نابێ رۆڵی سه‌رپه‌رشتیارانی به‌رنامه‌ له‌ بیر بكه‌ین هه‌ردوو به‌رێزان( كامیل فه‌خره‌دین و به‌رهه‌م دلێر). 

له‌ كۆتاییدا دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ ستافی به‌رنامه‌ی (به‌یانی باش كوردستان) ده‌كه‌م هیوای به‌رده‌وامی و پێشڤه‌چوونیان بۆ ده‌خوازم بۆ زیاتر خزمه‌ت كردن له‌گه‌ڵ داوای لێبوردن له‌و به‌رێزانه‌ی كه‌ئه‌گه‌ر له‌ ناوهێنایان له‌ یادمان كردبێت....

كوردستان تیڤی

ktv

ktv

ktv

ktv

ktv

ktv

ktv

ktv

ktv

ktv

ktv