تایچمان نازناوی پاله‌وانێتى تێنسى پالێرمۆی ئیتاڵیای به‌ده‌ست هێنا

له‌سه‌ر ئاستى خانمان


له‌ یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتی تێنسی پالێرمۆی ئیتاڵی بۆ خانمان، كچه‌ تێنسزانی هۆڵه‌ندی كیكی بێرتێنس پالێوراو بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی كچه‌ تێنسزانی سویسری جیل بیل تایچمان دووچاری دۆرانێكی سه‌خت بوه‌وه‌، دوای یاریه‌كی به‌هێزی نێوان هه‌ردوو كچه‌ تێنسزان، تایچمان به‌ ئه‌نجامی دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا، تایچمان دوای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت به‌ ئه‌نجامی حه‌وت شه‌ش پێشكه‌وت

 له‌ كۆمه‌له‌ی دووه‌میشدا، كچه‌ تێنسزانه‌ سویسریه‌كه‌ به‌ ئه‌نجامی شه‌ش دوو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی برده‌وه‌و نازناوه‌كه‌ی مسۆگه‌ركرد، تایچمان له‌ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێرو په‌نجاوسێ خوله‌ك توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت و دووه‌مین نازناو له‌ كاروانی وه‌رزشی خۆی بباته‌وه‌‌، له‌به‌رامبه‌ردا بێرتینس نه‌یتوانی ده‌یه‌مین نازناو له‌ كاروانی پیشه‌گه‌ری خۆی به‌ده‌ست بێنێت كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سێیه‌مین یاری كۆتایی ئه‌مساڵ بوو دوای یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌كانی سان پترسبۆرگی ڕوسی و مه‌دریدی ئیسپانی‌.