نۆیه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی به‌رلین به‌ڕێوه‌ده‌چێت

له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا بایه‌خ به‌ فیلمی منداڵان ده‌درێت

نۆیه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی به‌رلین به‌ به‌شداری 30 فیلمی سینه‌مایی كوردیی، بڕیاره‌ له‌ ڕۆژانی 1 تا 7ی مانگی ئاب، له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ بچێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ "حسام یوسفی"، یه‌كێك له‌ ڕێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌میدیاكانی ڕایگه‌یاندووه‌: ئه‌و فێستیڤاڵه‌ له‌ 2003ه‌وه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی فیلمی میتۆس فیلم و به‌ هاوكاری رێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یه‌كێكه‌ له‌ له‌ گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵه‌كانی بواری سینه‌مای كوردی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا 30 فیلمی سینه‌مایی و ژماره‌یه‌ك فیلمی دۆكیۆمێنتاری و كورته‌ فیلم له‌ كار و به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌رانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان نمایش ده‌كرێن، هه‌روه‌ها به‌رهه‌می ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌رهێنه‌رانی ئه‌وروپاش پیشان ده‌درێن.

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی فێستیڤاڵه‌كه‌ش گوتیه‌تی: له‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا بایه‌خێكی تایبه‌ت به‌ به‌شداری ژنانی كورد له‌ سینه‌مای كوردی و بارودۆخی ژنان له‌ كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست ده‌درێت. فیلمی "كچانی خۆره‌تاو"، فیلمێكی جه‌نگییه‌ كه‌ ژنان رۆڵی تایبه‌تی تێدا ده‌گێڕن و ته‌نیا به‌شێكی بچووك له‌ قاره‌مانێتی و خه‌باتی ژنان له‌ شه‌ڕی دژی داعش پێشان ده‌دات. "گوڵشیفته‌ فراهانی" ئه‌كته‌ری به‌ ناوبانگی ئێرانی رۆڵی فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ له‌م فیلمه‌دا ده‌گێڕێت.

هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ فیلمی دۆكیۆمێنتاری "فه‌رمانده‌ ئاریان" له‌ ده‌رهێنانی "ئالبا سۆتۆرا"، فیلمی دۆكیۆمێنتاری "دیستانت" له‌ ده‌رهێنانی "له‌یلا تۆپراك"، فیلمی سینه‌مایی "به‌ره‌و ئازادی" له‌ ده‌رهێنانی "عه‌لیڕه‌زا محه‌مدیان" هه‌روه‌ها فیلمی دۆكیۆمێنتاری "دیالۆگ" له‌ ده‌رهێنانی "سلیم یۆڵدز" له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا بایه‌خی زۆر به‌ به‌ رۆڵی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌ده‌ن.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ كاری سینه‌مایی بۆ منداڵانی كورد، "حسام یوسفی" ئاشكرای كردووه‌: له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا بایه‌خ به‌ فیلمی منداڵان ده‌درێت. له‌و میانه‌یه‌دا به‌ هاوكاری رێكخراوی "یه‌كماڵ" و هه‌روه‌ها "زارۆك تی ڤی" فیلمی منداڵان به‌ زمانه‌كانی كوردی و ئه‌ڵمانی بۆ منداڵانی كه‌م ته‌مه‌ن و ژێر 18 ساڵان نمایش ده‌كرێن.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران