حکومەت 700 یەکەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژخایەن دەداتە هاوڵاتییان

لە لایەن وەزارەتی ئاودانكردنەوەوە دروست كراون

ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاودانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ 700 یەكەی نیشتەجێوون دابین كراوە، دوای تەواوبوونی خزمەتگوزارییەكانی یەكەكەكانی نیشتەجێبوونیش، بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند" لە سنووری بنەسڵاوە 396 یەكەی نیشتەجێوون، لە سۆران 144 یەكە، لە هەڵەبجە 72 یەكە و لە قەلادزێ 84 یەكەی نیشتەجێوون تەواو بوونە، كە لە لایەن وەزارەتی ئاودانكردنەوەوە دروست كراون".

عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا وەزارەتی ئاودانكردنەوە كار لەو پڕۆژانە دەكات بۆ گەیاندنی تۆڕی كارەبا، ئاو، شەقام و ئاوەڕۆ، كە ئەمەش لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت و دوای تەواوبوونیشی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن.

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە روونیشی كردەوە، یەكەكان بە گوێرەی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2011 دابەشی سەر فەرمانبەران و خەڵكی كەمدەرامەت دەكرێن، ئەو كاتیش ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دەدات كە بەسەر كام چین و توێژدا دابەشیان بكات.