په‌یامێك له‌ سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌

زۆر به‌ گه‌رمی ده‌ستخۆشی له قاره‌مانه‌كانی ئاسایش و دژه‌ تیرۆر ده‌كه‌م توانییان به‌ زووترین كات تاوانباران ده‌ستگیر بكه‌ن

دوای كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٧ی٧ی٢٠١٩، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ رێستورانه‌كانی هه‌ولێر ڕووی دا و دیپلۆماتكارێكی توركیا و دوو هاووڵاتیی سڤیلی كوردستان بوونه‌ قوربانی، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی ئاسایش و دژه‌ تیرۆری كوردستان توانییان ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌كیی تاوانه‌كه‌ و هاوكارێكیان ده‌ستگیر كرد.

زۆر به‌ گه‌رمی ده‌ستخۆشی له قاره‌مانه‌كانی ئاسایش و دژه‌ تیرۆر و سه‌رجه‌م‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ توانییان به‌ زووترین كات تاوانباران ده‌ستگیر بكه‌ن و وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌لماندیان كه‌ جێ متمانه‌ و شانازین.

هه‌روه‌ها سوپاس بۆ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هاوكار و پشتیوانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوون.

خه‌ڵك و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان جارێكی دی سه‌لماندیان كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ پێگه‌ی تیرۆر و هیچ تاوانبارێكیش له‌ چاوی خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان و هه‌ڵۆكانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان ون نابێت.

هه‌ر لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م كێشه‌كانی خۆیان نه‌هێننه‌ ناو كوردستان و نه‌بنه‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی كوردستان.

مسعود بارزانی

٢٠ـی٧ـی٢٠١٩