حەسەن روحانی: وڵاتەكەی ئامادەیە لەگەڵ ئەمریكا گفتوگۆ ئەنجامبدات

ئەگەر واشنتن سزاكانی سەر ئێران هەڵبگرێت


سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، ئەگەر حكومەتی واشنتن سزاكانی بۆ سەر تاران هەڵبگرێت و كۆتایی بە فشارە ئابووریەكان بهێنێت، ئێران ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجامبدات.

ئەمڕۆ یەكشەممە حەسەن روحانی لە میانی سەردانێکدا بۆ شاری شیروان سەربە پارێزگای خۆراسانی باکوور گوتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە بە هەلومەرجێکی سەختدا تێپەردەبن.

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند، کە سەرەڕای ئەو سزایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە قەرزی دەرەکییان لە 12 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەوە بۆ نۆ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دابەزاندووە.

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران گوتیشی: وڵاتەكەی ئامادەیە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا گفتوگۆ ئەنجامبدات، تەنها ئەگەر واشنتن سزاكانی سەر ئێران هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە.

روحانی رایگه‌یاند: کە هیچ وڵاتێکی تر بەرگەی ئەو دۆخەی نەدەگرت، به‌ڵام ئێران بەرامبەر ئەمریکا وەستاوەتەوە و سیاسەتەکانی واشنتۆنیش بەرامبەرمان شکستی هێناوە.

روحانی گوتی ئێمە هەمیشە بڕوامان بە گفتوگۆ هەیە، ئەگەر فشارە ئابوریەكان و سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران هەڵبگیرێت .