گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران: پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ به‌ریتانیا كه‌شتییه‌ نه‌وت هه‌ڵگره‌كه‌ ئازاد بكات

ئه‌مریكا داوای له‌ به‌ریتانیا كردووه‌ ئه‌م كه‌شتییه‌ بوه‌ستێنێت

عه‌باس موسه‌وی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند: پێویسته‌ به‌ریتانیا ده‌ستبه‌جێ ئه‌و كه‌شتییه‌ نه‌وتھه‌ڵگره‌ی ئێران ئازاد بكات كه‌ له‌ گه‌رووی جه‌به‌ل تارق ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌.

موسه‌وی له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئیرنای فه‌رمی ئێران، رایگه‌یاندووه‌: داوا ده‌كه‌ین به‌ریتانیا ده‌ستبه‌جێ كه‌شتییه‌ نه‌وتییه‌كه‌ی ئێران ئازاد بكه‌ن. له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ بۆ ھه‌موو لایه‌ك باشتر ده‌بێت.

موسه‌وی راشیگه‌یاند: له‌نده‌ن ھیچ بیانووێكی شه‌رعی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر ئه‌و كه‌شتییه‌دا بگرێت و به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسپانیا وه‌رگیراون، ئه‌مریكا داوای له‌ به‌ریتانیا كردووه‌ ئه‌م كه‌شتییه‌ بوه‌ستێنێت.

هاوكات دوێنێ پۆلیسی جه‌به‌ل تارق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌رجه‌م تیمی سه‌ر كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌كه‌ به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كراون.