عادل عەبدولمەھدی: هه‌ماهه‌نگیمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان

عادل عەبدولمەھدی: رێککەوتنمان لەگەڵ پێشمەرگە هه‌یه‌ بۆ پاراستنی سنورەکانمان


عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سنورەکانی نێوان عێراق- ئێران و عێراق- سووریا بە درێژایی نزیکەی 500 کیلۆمەتر کردووە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕدەکەنەوە کە لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەن.

عادل عەبدولمەھدی ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان ئاسان نین، چونکە کۆن و کەڵەکەبوون، بەڵام رۆژانە پەیوەندی و هاوئاهەنگیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان، لەوانەش پرسی نەوت و کەرکووک.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند، مەترسی لەسەر دەرچەکانی ھەناردەی نەوتی عێراق دروستبووە بەڵام پلانیان داڕشتووە بۆ ھەر ئەگەرێک و چارسەری کێشەکان.

عەبدولمەهدی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بەو هێزانەی حەشد دا كە رەتیان كردووەتەوە بچنە ژێر باڵی دواهەمین بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە هەڵوەشانەوە و چوونە پاڵ سوپای عێراقی، هێزەكانی حەشد، لەمبارەوە رایگەیاند هەلێكی تر دەدەن ئەو هێزانە، دەنا دەبێت چەك دابنێن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی هەڕەشەكانی گرتنی گەرووی هورمزیشەوە لەلایەن تارانەوە، رایگەیاند هەر ڕێگرییەك لە هەناردەی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزدا، دەبێتە هۆی كێشەیەكی گەورە لەبەردەم ئابووریی عێراقدا.

هەر لەسەر تەوەری هەناردەی نەوتەوە، عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە دا كە عێراق لە مەودوا نەوت هەناردەی ئوردن و سووریاش دەكات. لەمبارەیەوە زیاتر روونی كردەوە كە بە هۆی ئەوەی وڵاتەكەی چەند دەروازەیەكی هەناردەی نەوتی لەدەست داوە، پێویستی بەوەیە دەروازەی نوێ بۆ هەناردەی نەوت بدۆزێتەوە.