لەم مانگه‌ پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی كەم دەبێتەوە

بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو زۆربوونی خواست لەسەر كاره‌با


وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێدانی كاره‌بای نیشتمانی بۆ مانگی حه‌وت راگه‌یاند.

لەم مانگەدا پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان كەمدەبێتەوە، وەزارەتی كارەباش هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو زۆربوونی خواست لەسەر هێڵی كاره‌با دەگەڕێنێتەوە.

محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: لە ئێستادا هیچ برێك لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای نیشتمانی لە هەرێم زیادی نەكردووە، تەنها نزیكەی سێ‌ هەزار و 200 بۆ سێ‌ هەزار و 300 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێندرێت.

هەورامی گوتی: هۆكاری كەمبوونەوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی لەمانگی تەمموزدا بە هاووڵاتیان، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و زیادبوونی خواستی هاووڵاتیانە.

روونیشكردوه‌ته‌وه‌: بۆ مانگی حه‌وت له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێر سه‌رووی 15 كاتژمێر كاره‌با به‌هاووڵاتیان ده‌درێت.