ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 50 ساڵ له‌ لایه‌ن هاوژینه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ چه‌قۆ كوژرا

به‌هۆی قه‌رزارییه‌وه‌

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ڕایگه‌یاندووه‌: ڕۆژی هه‌ینی ئافره‌تێكی بۆكانی به‌ ناوی "مریه‌م خدریان" كه‌ ته‌مه‌نی 50 ساڵه‌ به‌ده‌ستی هاوژینه‌كه‌ی به‌ ناوی "كه‌ریم عه‌بده‌ زاده‌" كه‌ ته‌مه‌نی 55ساڵه‌ به‌ چه‌قۆ كوژرا.

هه‌نگاو هۆكاری كوشتنه‌كه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی خێزانی و ڕایگه‌یاندووه‌: مریه‌م هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌ و ته‌نیا ئاماده‌ نه‌بووه‌ ئه‌و خانووه‌ی كه‌تیایدا نیشته‌جێ بوون كه‌ تاپۆكه‌ی به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ بفرۆشرێت تا قه‌رزه‌كانی پێ بداته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ له‌سه‌ر فرۆشتنی ئه‌و خانووه‌ كێشه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌دا هه‌بووه‌ و ڕۆژی هه‌ینی 5ی ته‌مموزی 2019 به‌هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ كه‌ریم، مریه‌می هاوسه‌ری ده‌داته‌ به‌ر چه‌قۆ و كۆتایی به‌ ژیانی دێنێت، دوای كوشانیشی خۆی ڕاده‌ستی هێزه‌كانی پۆلیس ده‌كات و ئێستاش له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.