بزانه‌ چه‌ند ماسولكه‌ی جه‌سته‌ت هاوبه‌شن له‌كاتی‌ پێكه‌نیندا

باشترین چاره‌سه‌ریه‌ بۆ جه‌سته‌‌و ده‌روونی مرۆڤ

هۆكاری دڵخۆشكه‌ر زۆرن ئه‌گه‌ر هاتوو مرۆڤ به‌ دڵێكی فراوانه‌وه‌ رووبه‌رووی خۆشی و ناخۆشیه‌كانی ژیان ببێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر ناخۆشیه‌كان بتوانیت به‌ هێزو تواناوه‌ هه‌نگاو بنێت‌و سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا كه‌سانێك هه‌ن كه‌ ده‌رگای رووخۆشی و پێكه‌نین و هه‌ستی جوانیان داخستووه‌، له‌ كاتێكدا پێكه‌نین باشترین چاره‌سه‌ریه‌ بۆ جه‌سته‌‌و ده‌روونی مرۆڤ.

زۆر له‌ توێژینه‌وه‌كان له‌ جیهاندا ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ پێكه‌نین ده‌رمانه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی‌‌و سوودی‌ ته‌ندروستی‌ زۆر باشی‌ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت كاتێك مرۆڤ به‌ قاقا پێده‌كه‌نێت هه‌ندێك هۆرمۆناتی‌ جیاوازی‌ وه‌ك:( ئه‌درینالین‌و كۆرتیزۆن) ده‌رده‌كات، له‌ كاتی‌ پێكه‌نین مرۆڤ لیكه‌ رژێنێك ده‌رده‌كات كه‌ ماده‌ی‌ (سیروتونین)ی‌ تێدایه‌، كه‌ ئه‌میش هه‌ندێك هۆرمۆنی‌ خۆشی‌ ده‌رده‌كات.

له‌كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌ی‌ تردا هاتووه‌ كه‌ پێكه‌نین ئامێری‌ به‌رگری‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ به‌هێز ده‌كات، هه‌روه‌ها لیكه‌ڕژینه‌ لیمفا‌وییه‌كان چالاك ده‌كات كه‌ دژی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌یه‌، له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ پڕۆتینی‌ (جاما- انترفیرون) له‌لاشه‌دا زیاد ده‌كات كه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ دژی‌ وه‌ره‌م.

توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ زیاتر له‌ 100 ماسولكه‌ له‌لاشه‌دا هاوبه‌شن له‌كاتی‌ پێكه‌نیندا، وه‌ك ماسولكه‌كانی‌ رووخسار ‌و ئامێری‌ هه‌ناسه‌دان...هتد، ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌ی‌ قوڵ له‌ كاتی‌ پێكه‌نیندا دروست بێت ، ئه‌وا زیاتر كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر لاشه‌‌و ئۆكسجین زیاتر ده‌چێته‌ لاشه‌وه‌ ‌و بۆرییه‌ هه‌واییه‌كان فراوان‌ ده‌كات ‌و كاریگه‌ری‌ باشی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕه‌ كیمیاوییه‌كانی‌ لاشه‌و كشانی‌ ماسولكه‌كان‌ و پێكهاته‌ی‌ دڵ‌ و سوڕی‌ خوێن. كه‌واته‌ بۆ ته‌ندروستی زیاتر پێبكه‌نه‌.

سه‌رچاوه‌/ زاری كرمانجی

كوردستان تیڤی/كامران