540 کیلۆ هەنگوین کە شیاوی خواردن نیە لەناوبران

له‌وڵاتى ئێرانه‌وه‌ هێنراوه‌

 له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك ده‌ست ماڵپه‌ری كوردستان تیڤى كه‌وتووه‌ ، قائیمقامیەتی سلێمانی  رایده‌گه‌ێنێت ،  له‌ ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه‌ی سێی سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه‌ی له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت، ده‌ركه‌وتووه‌‌ ئه‌و پێشانگایەی كە وڵاتی ئێران له‌ ماجدی مۆڵ كردویه‌تیه‌وه‌، بڕی‌ (540) كیلۆ هه‌نگوینی گوماناوی هه‌یه‌ و به‌هاووڵاتیانی ده‌فرۆشن.

ده‌شڵێت  كە هه‌نگوینه‌كه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگیراوه‌كه‌ دوو جۆره‌، جۆرێكیان به‌شانه‌وه‌ هاورده‌ كراوه‌، ‌به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هاورده‌كرنی هه‌نگوین به‌ شانه‌كه‌یه‌وه‌ رێگه‌ پێنه‌دراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی مێرووی زیانبه‌خشی لێده‌كرێت‌، جۆره‌كه‌ی تری هه‌نگوینه‌كه‌ له‌ ته‌نەكه‌دایه‌ و نمونه‌ی ره‌وانه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی كراوه‌ بۆ پشكنین.
 
له‌كۆتادا رایده‌گه‌یه‌نن ، ئەنجامی پشکنینەکە ده‌ریخستووه‌ كه هەنگوینەكە‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نییه‌ بۆیه‌ به‌ بڕیاری قائیمقامی سلێمانی هه‌ردوو جۆره‌ هه‌نگوینه‌كه‌ له‌ناوده‌برێن.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز