ئه‌مساڵ حاجیانی كوردستان زیاتر له‌ 45 ملیۆن دۆلار ده‌به‌نه‌ سعودیه‌

ئەمساڵ 4880 کەس بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە

بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا یەکەمین کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێبكەوێت و هەر حاجییەک بڕی 4200 دۆلاری لێوەرگیراو ئەمە جگە لەو کەسانەی کە بەنیازن لەو زیادەیەی ئەمساڵ بەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بێت، دەبێ بە 8 هەزار دۆلار گەشت بکەن کە کۆی گشتی پارەکە دەکاتە 17 ملیۆن و 56 هەزار دۆلار. 

شێخ قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی وەزارەتی ئەوقاف بە كوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ 4880 کەس بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە کە بۆ هەر کەسێک 4200 دۆلار وەرگیراوە، کۆی گشتی پارەکە دەکاتە 20 ملیۆن و 496 هەزار دۆلار. 

شێخ قاسم بەرزنجی، ڕاشیگەیاند: "جگە لەو حاجییانەی کە بە تیرو پشک ناویان دەرچووە، ئەمساڵ لەڕێژەی حاجیانی عێراق 10 هەزار کەس زیادکراوە و 2132 یان پشکی هەرێمی کوردستانە. 

شێخ قاسم بەرزنجی، ئاماژەی بەوەشدا "ئەو بڕەی کە زیادکراوە، بڕی پارەکەیان جیاوازە و زیاترە ئەگەر بکرێتە بازرگانی. 

کۆی داهاتی پاره‌ی حاجیانی ئەمساڵ لەگەڵ ئەو حاجیانەشی کە بەشێوەی بازرگانی حەج دەكەن، نزیکەی 38 ملیۆن دۆلارە.

ئەگەر هەر حاجییەک بڕی هه‌زار دۆلار خەرج بکات بۆ کڕینی دیاری و خەرجی ڕۆژانەی، ئەوا 7 ملیۆن و 12 هەزار دۆلار خەرجدەکرێت، کەواتە کۆی خەرجی حەجی ئەمساڵ دەگاتە زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلار.