ئێران: ئه‌مریكا به‌ سزاكانى كۆتایى به‌ دیبلۆماسیه‌تى هێنا

عه‌باس موسه‌وى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران

به‌پێى هه‌واڵێكى ڕۆیته‌رز، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى حوزه‌یرانى 2019، ئێران له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌مریكا دواى سه‌پاندنى سزاكانى بۆ سه‌ر ئایه‌توڵڵا عه‌لى خامه‌نه‌یى و چه‌ند به‌رپرسێكى باڵاى ئێران هه‌موو رێگا دیبلۆماسییه‌كانى له‌ نێوان تاران و واشنتۆن داخست. 

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 24ى حوزه‌یرانى 2019، دۆنالد تره‌مپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، سزاكانى به‌سه‌ر ئایه‌توڵڵا عه‌لى خامه‌نه‌یى رێبه‌رى باڵاى ئیسلامی ئێران و نووسینگه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌شت به‌رپرسى دیكه‌ى باڵای ئه‌و وڵاته‌ سه‌پاند.

عه‌باس موسه‌وى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا ده‌ڵێت: "سه‌پاندنى سزاى بێ سوود به‌سه‌ر ئایه‌توڵڵا عه‌لى خامه‌نه‌یی رێبه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێران و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ به‌ واتاى داخستنى هه‌میشه‌یى رێگاكانى دیبلۆماسى دێت". 

موسه‌وى هه‌روه‌ها له‌ تویته‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى بڵاوكردۆته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئیداره‌ بێهیواكه‌ى تره‌مپ میكانیزمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پاراستنى ئاشتى  جیهان و سه‌قامگیریى تێكده‌ده‌ن".

به‌ گووته‌ى به‌رپرسانى كۆشكى سپى ئه‌م سزایانه‌ى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر خامه‌نه‌یى و زه‌ریف بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌رپرسانى سه‌رۆكایه‌تى ئێران له‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان دوور بخاته‌وه‌ و بلۆكیان بكات له‌ به‌كارهێنانى سیسته‌مى دارایى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان. 

جێى ئاماژه‌پێدانه‌ په‌یوه‌ندی نێوان واشنتۆن و تاران به‌هۆى خستنه‌ خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى ئه‌مریكا گرژى زۆرى تێكه‌وتووه‌ و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى تره‌مپ نزیك ببێته‌وه‌ له‌ وه‌ڵامێكى سه‌ربازیى بۆ سه‌ر ئێران به‌ڵام له‌ بڕیاره‌كه‌ى كشایه‌وه‌ و دوێنێ سزاى بۆ سه‌ر ئایه‌توڵڵا عه‌لى خامه‌نه‌یى رێبه‌رى باڵاى ئیسلامی ئێران و نوسینگه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌شت به‌رپرسى دیكه‌ى باڵای ئه‌و وڵاته‌ سه‌پاند.


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز