قوتابیان: شێوازی ناشیاو مامەڵە لەگەڵ كچە قوتابییەكی دەرچوو بەپێشێلكردنی ماف و ئازادییەكانی تاك دەزانین

یه‌كێتى قوتابیان خەبات و تێكۆشانی لە پێناو پاراستنی شكۆی قوتابیان بووه‌

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌ ، یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان له‌باره‌ى مامه‌ڵه‌ى ده‌سته‌ى به‌رێوه‌بردنی مه‌راسیمه‌كه‌  له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كى ده‌رچووی له‌كاتى راگه‌یاندنى ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ گشتیه‌كانى پۆلی 9 ، 12 ى بنه‌ڕه‌تى رایده‌گه‌ێنێت  له‌ رۆژی ٢٣/٦/٢٠١٩ لە رێوڕەسمێكدا وەزارەتی پەروەردە و فێركردن، ئەنجامی تاقیكردنەوەی ئەزموونە گشتییەكانی راگەیاند وێڕای بوونی كەموكوڕی زۆر و شپرزەیی لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكە، بە شێوازێكی ناشیاو مامەڵە لەگەڵ كچە قوتابییەكی دەرچوو كرا.


یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان ده‌شڵێت ئەو رەفتارە بەپێشێلكردنی ماف و ئازادییەكانی تاك دەزانین، و ئەو مامەڵەیە بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ بەھا بەرزەكانی فرەیی و پێكەوەژیان و ئازادی تاك كە ھەمیشە لە كوردستان جێگای شانازییە، یەكناگرێتەوە.

یه‌كێتیه‌كه‌ داواكاره‌ لە وەزارەتی پەروەردە و فێركردن، كە بە شێوەیەكی فەرمی پۆزش بۆ ئەو رەفتارە ھەڵەی دەستەی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەكە بھێنێتەوە، و سزای كەمتەرخەمان بدات.


له‌كۆتادا یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان رایده‌گه‌ێنێت خەبات و تێكۆشان لە پێناو پاراستنی شكۆی قوتابیان و ئازادییەكانی تاك و پێكەوەژیان لە ھەرێمی كوردستان، لە ئەركە سەرەكییەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستانن، و لەو پێناوەدا بەڵێن بە قوتابیانی كوردستان دەدەین، ھەمیشە داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان دەبین.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز