نەتەوە یەكگرتووەكان: ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش ده‌كه‌ین

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

ڕۆژی سێشەممە 18ـی 6ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش، ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش كرد و پێزانینی هەبوو بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش. 

هەروەها سەرۆك بارزانیی لە ئەرك و كاری خۆی ئاگادار كردەوە كە لە لایەن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێی ڕاسپێردراوە بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و دەستپێكردنی پڕۆسەی دادگاییكردنی ئەو داعشانەی دەستیان لە تاوانەكاندا هەبووە.

 وێڕای ئاماژەدان بە شكانی داعش لەڕووی سەربازییەوە ئەوەی خستەڕوو كە ئەو تاوانانەی لە عێراق و كوردستان لە لایەن داعشەوە ئەنجام دراوە دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. 

جەختیشی لەوە كردەوە هەوڵی ڕێكخراوە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش، لەپێناو جیاكردنەوەی تاوانباران و ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتەوایی نیشتیمانییە. 

داوایشی كرد كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق هاوكاری تیمی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بن.

 هەروەها ڕاشیگەیاند كە لەو ئەركەدا پێویستیی بەردەوامی بە ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانی هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای پێزانین بۆ ئەو بڕیارەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ئەركێكی پیرۆزی لە قەڵەم دا و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە ڕاگەیاند لەپێناو دادگاییكردن و سزادانی تاوانبارانی داعش.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی هێمای بە قوربانیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەدا لە شەڕی تیرۆریستاندا و جەختی لەوە كردەوە كە سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون، گەلی كوردستان لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە و ئاشتەواییدا هەرگیز دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبردووە. 

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەكانی داعش و ڕایگەیاند كە ڕاستە داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هەڕەشەكانی داعش هەر ماون و ئەو هەڕەشانە تەواوی جیهانیان كردۆتە ئامانج. 

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ئامانجی تیرۆر دروستكردنی ناكۆكی و دژایەتیی نێوان ئایینەكانە و، ئەوەیش بابەتێكی مەترسیدارە. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە هەوڵ و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی پێویستە.

1