مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا دەکات

هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان تاوتوێكرا


راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی له‌ فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا و شاندی یاوەری كرد.

ئه‌مڕۆ سێشەممە 18/6/2019 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ جه‌نه‌ڕاڵ پاتریك رۆبه‌رسۆن فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا و شاندی یاوەری كرد، کە بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکەی سەردانی
هەرێمی کوردستانی کردبوو.

له‌م دیدارەدا پێشهاتەکانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان تاوتوێكرا.

لەم دیدارەدا فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا، سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەماهەنگییەکان و جەنەڕاڵ ئریک هیڵی جێگرەوەی ناساند و هیوای خواست هەماهەنگییەکان بەردەوام بن.

هەروەها ئاماژەی بە جموجۆڵەکانی تیرۆریستان کردو جەخت لەوە کرایەوە، کە هێشتا داعش لە عێراق و سوریا ماوە و هەڕەشەیە.

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردووکیان لە ئەرکی تازەیان خواستن و دووپاتی لە پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگی ھەمەلایەنەی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کردەوە وەک فاکتەرێک بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و گێرانەوەی سەقامگیری و بەرتەسککردنەوەی جموجۆڵی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا.

تاوتوێکردنی بەردەوامی شەڕی ئێستای سوریا لەناوچە جیاجیاکاندا بە سەرچارەسەرکردنی سیاسیانەی بارودۆخەکە لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.