بەتۆمەتی سەربڕینی منداڵێكی 5 سالان سێ تاوانبار ده‌ستگیر كران

لەلایەن خزمێکی خۆی رفێندرابوو و دوای دەستدرێژیکردنە سەری، سەربڕدراوە


پۆلیسی دیالە رایده‌گه‌ینێت، بەتۆمەتی سەربڕینی منداڵێكی كچى ته‌مه‌ن 5 سالان لە پارێزگاى دیاله‌ سێ كەس به‌م تۆمه‌ته‌ دەستگیركراون .

لیوا كازم عەبادی بەرێوبەری پۆلیسی دیالە لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كردوە، دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی شەممە منداڵێكی كچ لە گه‌ره‌كى زه‌هراو سەربڕدرا، تیمێكی ئەمنی تایبەتمەند پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، دواتر بەهۆی ئەو تاوانەوە سێ تۆمەتبار دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێكردوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دیالە ئەوەشی راگەیاندوە، ئەو تاوانە قێزەونە هەستی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای دیالەی جوڵاندوە، بۆیە فەرمان كراوە سەرجەم هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ ئاشكراكردنی وردەكاریەكانی تاوانەكەو بڵاوكردنەوەی بۆ رای گشتی.

تێزانین رۆژی شەممە 15-6-2019، تەرمی کچێکی پێنج ساڵی بە سەربڕدراوی لە پارێزگای دیالە دۆزرایەوە.

بەپێ زانیاریەکان، ئەو کچە لەلایەن خزمێکی خۆی رفێندرابوو و دوای دەستدرێژیکردنە سەری، سەربڕدراوە.

ھۆشیار ئیسماعیل، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای دیالە ھۆکاری سەربرینی ئەم کچەی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، باوکی ئەو کچە لەگەڵ ئامۆزایەکی کێشەی ھەبووە و ئامۆزاکەی لەبەر ئەم ھۆکارە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.