شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد

لەگەڵ بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا كۆبونەوە

شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا كۆبونەوەو چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد.

بەگوێرەی هەواڵی بەشێك لە میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەسەرۆكایەتی ویلیام ڕۆباك ڕاوێژكاری ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانیان كردو هەنگاوی دووەمی لەناوبردنی داعش و ئاوەدانكردنەوە  ناوچەكەو چۆنیەتی پێشكەشكردنی خزمەگوزارییەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان تاوتوێ كرد.

لەسەر ناوەڕكی كۆبوەنەوەكە، ویلیام ڕۆباك بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" لەگەڵ بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا كۆبونەتەوەو گفتوگۆیان لەسەر هاوكاری و پشتگیریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و خۆبەڕێوەبەری ناوچەكەو چۆنێتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كردوە بۆ گەلانی هەرێمەكە.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو" ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كردوویانە لە شەڕی دژی داعش بە نرخەو پاراستنی چەكدارانی داعش لە هەرێمەكە گرنگە و دەبێت ڕێگەیەك هەبێت بۆ دادگاییكردنیان.