دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر بكوژه‌كه‌ی هه‌ولێر دەستگیركرا

بە دەسترێژی گوللـە شوفێرێك دەكوژێت و هەڵدێت

دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر بكوژی رووداوی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دوێنێی شاری هەولێر دەستگیر كرا . 

له‌مباره‌یه‌وه‌ لیوا عبدلخالق تەلعەت بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی رووداوێكی بچووك لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل دەمەقالی دەكەوێتە نێوان ئەو دوو شوفێرە لە ئاكامدا تۆمەتبار محمەد عبدلعزیز بە دەسترێژی گوللـە هیشام ئیسماعیل دەكوژێت و هەڵدێت، بەڵام دوای هەوڵ و ماندووبونی زۆر بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس كرد و بە پێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگای دەكرێت .

هاوكات هەر لە بەردەوامی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی دوو تاوانباری دیكەی راگەیاند كە دانیشتووی شاری هەولێرن و تەمەنیان 30 ساڵە، بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی جۆرا و جۆر دەستگیر كراوان .

لیوا عه‌بدولخالق تەلعەت ئاماژەی بەوەشكرد بەراورد بە 6 مانگی رابردوو رێژەی تاوانەكان لە شاری هەولێر كەمی كردووە .