ئاڵوگۆڕی دراو لە کوردستان زیادیکردووە

لە هەولێر نزیكەی 350 نووسینگەو 200 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن

بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەی سەندووە و رۆژانە لە هەرێمی كوردستانەوە 40 تاوەكو 45 ملیۆن دۆلار حەواڵەی دەرەوە دەكرێ.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، لە سێ ساڵی رابردوودا بایی 73 ملیار و 165 ملیۆن دۆلار كاڵا لە 53 وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە (لە ساڵی 2016 بایی 16 ملیار دۆلار، ساڵی 2017 بایی 28.54 ملیار دۆلار و ساڵی رابردووش بایی 28.7 ملیار دۆلار). پارەی كاڵا هاوردەكراوەكانیش لە رێگەی بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە حەواڵە كراون.

بیلال رەسوڵ، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی گروپی كۆمپانیاكانی دیناری عێراقی كە لقی لە زۆربەی شارەكانی عێراق و ئیمارات و توركیا هەیە، بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: "بەهۆی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەی سەندووە، ئەمەش كاری كۆمپانیا و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەكردنی دراوی زیاد كردووە، بۆ نموونە رۆژانە تەنیا لە شاری هەولێر نزیكەی 25 ملیۆن دۆلار  بۆ دەرەوە حەواڵە دەكرێت، لەسەر ئاستی هەرێمیش ئەم ئاڵوگۆڕە دەگاتە نزیكەی 40 تاوەكو 45 ملیۆن دۆلار.  

هەرچەندە بانكی ناوەندی عێراق مافی حەواڵەكردنی دراوی لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان قەدەغە كردووە، بەڵام زۆربەی كۆمپانیاكان تائێستا كاردەكەن و زۆر بەئاسانی بۆ هەر وڵاتێك بیانەوێت پارە حەواڵە دەكەن.

بیلال دەڵێت: "لەبەر ئەو كێشە سیاسی و داراییانەی پێشتر لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوون، بانكی ناوەندی بەفەرمی مافی حەواڵەكردنی دراوی لە كۆمپانیاكان راگرت و مۆڵەتەكانی بۆ نوێ نەكردنەوە، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی خواستی بازاڕ، كۆمپانیا و نووسینگەكان بەڕێگەی دیكە بەردوامن لەكاری خۆیان.  

دەشڵێت:" ئێستا بەشێكی حەواڵەكان لە رێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە دەكرێت، بەشێكیشی لەڕێگەی نووسینگەكانەوە، بەڵام زۆربەی حەواڵەكان لەڕێگەی بانكی ناوەندییەوەیە، ئەویش بە سوودوەرگرتن لە بانكی وڵاتانی دەوروبەر كە لقیان لە شارەكانی عێراق هەیە.

بیلال گوتی: "نوێنەكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و سەندنەوەی مافی حەواڵەكردنی دراو لێیان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، زیانی گەورەی بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، چونكە لەلایەك ناتوانن سوودمەند بن لەو پارەیەی رۆژانە یان هەفتانە بانكی ناوەندی بۆ حەواڵە دەیخاتە مەزاد، لەلایەكی دیكەش گرفتی رۆژانەی بۆ دروست كردوون، بۆ نموونە ئێمە لەبانكی نێودەوڵەتی داوای سفت كۆدمان كردووە ئەوان ئامادەنین پێمان بدەن، چونكە كوردستان دەوڵەت نییە و بانكی ناوەندیش مۆڵەتی حەواڵەكردنی دراوی لێ راگرتووین.  

لە شاری هەولێر نزیكەی 350 نووسینگە و 200 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، رۆژانە جگە لە ئاڵوگۆڕی دراو لەناوخۆدا، دراو حەواڵەی دەرەوە دەكەن. 

سیامەند مەولود، بەڕێوەبەری بۆرسەی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "هەڵكشان و داكشانی ئاڵوگۆڕی دراو لە كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی پەیوەستە بە باشبوونی بارودۆخی ئابووری و گەشەسەندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان، چونكە بازرگان كاڵاكانی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەدینار ساغ دەكاتەوە و بۆ دووبارە هاوردەكردنەوە دۆلار دەكڕێت و دۆلارەكەش لەرێگەی كۆمپانیا و بانكەكانەوە حەواڵەی دەرەوە دەكرێت.

سیامەند، ڕاشیگەیاند: "هەندێ وڵات بێ فاتوورە، رێگە بەحەواڵەكردنی پارە نادەن بۆ وڵاتەكانیان، بۆ نموونە توركیا و ئوردن، بەڵام حەواڵەكردنی پارە بۆ ئیمارات زۆر توند نییە، بەئاسانی دەتوانین پارە بۆ ئەوێ‌ حەواڵە بكەین.

بەپێی دەستوور، سیاسەتی دارایی و نەختینە لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدایە، بۆیە رۆژانە بۆ هاوسەنگكردنی نرخ، بانكی ناوەندیی عێراق 200 تاوەكو 250 ملیۆن دۆلار دەخاتە مەزاد و بەنرخی پاڵپشت بە بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی دەفرۆشێتەوە.

سیامەند، دەڵێت: "بانكی ناوەندیی عێراق وەك پاڵپشتییەك هەفتانە 100 تاوەكو 150 هەزار دۆلار بەشێوەی كاش بەنرخی پاڵپشت دەبەخشێتە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، بەڵام بەبیانووی ئەوەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەهەرێمی كوردستان مۆڵەتیان لە بەغدا نییە، لەوە بێبەش دەكرێن.

بازرگانەكان لەڕێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە بە دوو شێواز بۆ كاڵا و شتومەك پارەكانیان حەواڵەی دەرەوە دەكەن، رێگەی یەكەم راستەوخۆ پارەكە دەدات بەبانك و بانكەكەش لە وڵاتی دیاریكراو پارەكە دەداتە كۆمپانیاكە.

رێگەی دووەم پێیدەگوترێت ئێلسی كە رێگەیەكی مۆدێرنە و ئێستا لە هەموو جیهاندا كاری پێدەكرێت، بریتییە لەوەی بازرگان لەڕێگەی رەهنكردنی زەوی یان موڵك یان هەر شتێكی دیكە رەسیدێك لە بانكێكی ئەهلی تۆمار دەكات، كاتێك بازرگان دەیەوێت كاڵایەك هاوردە بكات، بانكەكە پاڵپشتی بازرگانەكە دەكات.

سەردار پیرباڵ، سەرسپی، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی مەنسوور، بۆ کوردستان تیڤی ئاماژەی بەوەکرد: بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بازرگانی پڕۆفیشناڵمان كەمە و رۆشنبیری بانكییان وەك پێویست نییە، بۆیە زیاتر مامەڵەكان بە رێگای یەكەم دەكرێت.