کۆنسوڵی ئێران له‌ هەرێم: گەمارۆکانی ئه‌مریکا کاریگه‌ریی له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و هه‌رێم نابێت

ته‌نها شه‌ڕێكی ده‌روونییه‌


سه‌رکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هەرێم رایگه‌یاند: گەمارۆکانی ئه‌مریکا لەسەر وڵاتەکەی شه‌ڕێکی ده‌روونییه‌ و هیچ کاریگه‌رییه‌ک ناکاتە سەر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێم.

به‌ پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مورته‌زا عه‌بادی سه‌رکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاری هه‌ولێر له‌ وتووێژی له‌ گه‌ڵ په‌یامنێری جام کوردی رایگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌کی نزیک و تایبه‌ت له‌ نێوان بازرگانان و چالاکوانانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌، و هیوادارن لە رێگای بەڕێوەبردنی چالاکیی بازرگانی زیاترەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم زیاتر بەرەوپێشبەرن.

باسی لەوەش کردووە، گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا زیاتر له‌وه‌ی که‌ بتوانێت کاریگه‌ریی لەسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت، شه‌ڕێکی ده‌روونییه‌ و "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هیچ کاریگه‌رییه‌ک له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوان ئێمه‌ و هه‌رێمدا نانێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشانگای کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیارە له‌ رۆژانی داهاتوو به‌ به‌شداریی ده‌یان کۆمپانیا و ناوه‌ندی وه‌به‌رهێنانی ئێرانی له‌ شاری هه‌ولێر بکرێتەوە، یه‌که‌مین و گه‌وره‌ترین پێشانگای بازرگانیی ئێرانە لە هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا چەندین سزای ئابووریی بەسەر کەرتەکانی نەوت و هەناردەکردنی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و، بۆ وەڵامدانەوەی هەر کاردانەوەیەکی ئێرانیش، واشنتن و هاوپەیمانەکانی ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە هەزاران سەرباز و کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی جەنگیی جۆری B2یان لە نزیک ئاوەکانی کەنداو جێگیرکردووە.