حه‌سه‌ن روحانی : سزا و فشاره‌كانی ئه‌مریكا به‌ ھیچ شێوه‌یه‌ك نابنه‌ ھۆی داڕووخانی ئێران

گرنگه‌ ھه‌وڵه‌كان زیاتر چڕبكرێنه‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی ئێران راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیادا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌ تاران حه‌سه‌ن روحانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، ھێیكۆ ماس كۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ میاندا چه‌ند رۆژه‌ڤێكی گرنگ تاوتوێكراون له‌وانه‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ھه‌روه‌ھا دوایین پێشھاته‌كانی  ناوچه‌كه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سه‌ره‌تا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكۆماری ئێران له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی دواوه‌ و رایگه‌یاندووه‌ "كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی جگه‌ له‌وه‌ی كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتان و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌، ھیچ ده‌رئه‌نجامێكی دیكه‌ی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌".

حه‌سه‌ن روحانی ئه‌وه‌شی گوتووه‌ "سزا و فشاره‌كانی ئه‌مریكا، به‌ ھیچ شێوه‌یه‌ك نابنه‌ ھۆی داڕووخانی ئێران، به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌مریكا به‌رده‌وامه‌ له‌ تیرۆری ئابووری".

سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی ھه‌ر له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی داوه‌ و رایگه‌یاندووه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێته‌ ھۆی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئاسایش و ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌دی ده‌ھێنێت، بۆیه‌ گرنگه‌ ھه‌وڵه‌كان زیاتر چڕبكرێنه‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.

حه‌سه‌ن روحانی رایگه‌یاند كه‌ زۆر گرنگه‌ وڵاتانی ئه‌ورووپا پابه‌ندبن به‌ به‌ڵێنه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.

سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی هه‌روه‌ها ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ھه‌وڵ بدات چه‌كی ئه‌تۆمی به‌ده‌ست بھێنێت.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، ھێیكۆ ماس رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ھه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگه‌یه‌كی گونجاو بدۆزنه‌وه‌ به‌ ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا.