پاپای ڤاتیکان داوای ئاشتی و راگرتنی توندوتیژییەکان له‌ سودان ده‌كات

لەئەنجامی توندوتیژییەکانی سودان لانیکەم 113 کەس کوژراون

پاش توندوتیژییەکانی چەند رۆژی رابردووى خەرتومی پایتەختی سودان، ئەمرۆ پاپای ڤاتیکان داوای ئاشتی و راگرتنی توندوتیژییەکانی ئەو وڵاتەی کرد.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "رۆیتەرز"، ئەمڕۆ یەکشەمە پاپای ڤاتیکان داوای لەسەرجەم لایەنەکانی سودان کرد ئاشتی وڵاتەکەیان بپارێزن و دەست بەگفتوگۆکانیان بکەنەوە.

لەمبارەیەوە، پاپا فرانسز لە وتاری هەفتانەیدا رایگەیاند" هەواڵەکانی سودان ئازاربەخشن و جێگای نیگەرانی ئێمەن، دوعای خێر بۆ خەڵکی سودان دەکەین، پێمانوایە توندوتیژییەکان دۆخی چاکەی گشتی نالەبار دەکەن، پێویستە هەموو لایەک بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ." 

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سودان رایانگەیاند لەئەنجامی توندوتیژییەکانی سودان لانیکەم 113 کەس کوژراون، حکومەتی ئەو وڵاتەش دەلێت تەنها 61 کەس کوژراون کە سیانیان سەربە هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتەن.