بانکی ڕافیدەین 50 ملیۆن دینار قەرز دەداتە هۆتێلەکان

ماوەی سێ مانگی دیاریکردووە بۆ خاوەن هۆتیلەکان بۆ وەرگرتنی مامەڵەکانیان


بانکی ڕافیدەین بەمەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری عێڕاق بڕیاری پێدانی 50 ملیۆن دینار قەرز بە خاوەن هوتێلەكان دەدات، ماوەی سێ مانگی دیاریکردووە بۆ خاوەن هۆتیلەکان بۆ وەرگرتنی مامەڵەکانیان.

خەولە تاڵب، بەڕێوەبەری گشتی بانكی رافیدەین بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ئامانج لە پێدانی ئەو قەرزە جولاندنی بازاڕ و ئابووری نیشتمانییە، دانەوەی قەرزەكەش بە پشك پشك دەبێت.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێڕاق بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ئەو قەرزە هوتێلەكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان هیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەو بانکە نییە و هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ دانەوەی قەرزەکان، بە لەبەرچاو گرتنی پێشینە و قەرزەكانی پێشتری ئەو بانكە بۆ هاوڵاتیان و سێكتەرە جیاوازەكانی.

نەوزاد شینە، خاوەن هوتێلە لە هەولێر دەڵێت: ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتییە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر، دەشڵێت ئەگەر ئەو قەرزە بە ئێمەش بدرێت ئەوا من هۆتیلەکەم فراوانتر دەکەم چونکە ئێستا گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە کوردستان دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری عێراقی 618 هوتێل و موتێل و ناوچەی گەشتیاری هەن، لەم ژمارەیەش زۆرترینیان لە كەربەلایە بە رێژەی 46.8% كە دەكاتە نزیكەی 800 هوتێل، دوای ئەویش بەغدای پایتەخت دێت بە رێژەی 22.5%، دوای ئەو نەجەف بە 22.1% پاشان بەسڕە دێت بە رێژەی 3.2%.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم