فڕۆكه‌كانى سوپاى ئیسرائیل چه‌ند پێگه‌یه‌كى سه‌ربازى سوریایان كرده‌ ئامانج

3 سه‌رباز كوژراون و 7 سه‌ربازى دیكه‌ش برینداربوون

به‌پێى هه‌واڵێكى سپوتنیكى رووسى، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ى حوزه‌یرانى 2019، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى سوپاى ئیسرائیل چه‌ند پێگه‌یه‌كى سه‌ربازى سووریایان كرده‌ ئامانج و میدیا فه‌رمییه‌كانى سوریا رایانگه‌یاند 3 سه‌رباز كوژراون و 7 سه‌ربازى دیكه‌ش برینداربوون.

گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ هێرشه‌كه‌یان چه‌ند خاڵێكى سه‌ربازى سوورى كردۆته‌ ئامانج وه‌ك تۆبخانه‌ و بازگه‌ى سوپاى قه‌ڵغانى ئاسمانى و ئه‌و هێرشه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌ك بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاویشتنى دوو مووشه‌ك بۆ به‌رزاییه‌كانى جۆلان هه‌روه‌ها گوته‌بێژه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ دابوه‌ كه‌ تا ئێستا نه‌زانراوه‌ كێ ئه‌و دوو مووشه‌كه‌ى ئاڕاسته‌ى به‌رزاییه‌كانى جۆلان كردووه‌ به‌ڵام سوپاى سووریا به‌رپرسه‌ له‌هه‌ر هێرشیك بۆ سه‌ر ئیسرائیل كه‌ له‌ خاكه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

هاوكات میدیاكانى سوریا بڵاویان كردۆته‌وه‌ ئه‌و هێرشه‌ى ئیسرائیل له‌ به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ چه‌ند خاڵێكى سه‌ربازى له‌ ناوچه‌ى قه‌نتیره‌ كردۆته‌ ئامانج و سوپای قه‌ڵغانى ئاسمانى سوریا كاردانه‌وه‌ى هه‌بووه‌ و هه‌روه‌ها ته‌له‌فزیۆنى سوورى ته‌قینه‌وه‌ى گه‌وره‌یان له‌ نزیك دیمه‌شق راگه‌یاندبوو به‌هۆى به‌رگرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌. 

جێى ئاماژه‌ پێدانه‌ سوریا به‌رزاییه‌كانى جۆلانى له‌ده‌ستدا به‌رامبه‌ر به‌ ئیسرائیل له‌ جه‌نگى ساڵى 1967 ، ئیسرائیل ئه‌و خاكانه‌ى كه‌ داگیریانى كردبوو به‌ ده‌سكه‌وتى خۆى هه‌ژمارى كرد، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دانیان به‌و هه‌نگاوه‌ى ئیسرائیل نه‌دا.

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ مانگى ئازارى 2019 رایگه‌یاند: ئه‌مریكا دان به‌ سه‌روه‌رى ئیسرائیل ده‌نێت بۆ سه‌ر به‌رزاییه‌كانى جۆلان.


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز