هاوردەکردنی ساردی و دۆندرمە ڕادەگیرێت

بڕیارەكە لەسەر داوای وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عێراق دەرچووە

بۆ پاراستن و گەشەپێدان بە بەرهەمی ناوخۆ، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هاوردەکردنی دۆندرمە و ئایسکرێم، خواردنەوە گازی و ناگازییەكان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان قەدەغە دەكرێن.

بڕیارەكە لەسەر داوای وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عێراق دەرچووە. رۆژی 23ی نیسانی 2019  ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە لە رۆژی 1/6/2019 واتا سەرەتای مانگی داهاتوو رێگە بە هاوردەکردنی  شەربەت، خواردنەوە گازی و ناگازییەكان و ئایسكرێم، دۆندرمە بەهەموو جۆرەكانییەوە بۆ عێراق نەدرێ، ئەمەش بەمەبەستی گرینگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە زیانی گەورەی ماددی بە كۆمپانیاكانی تایبەت بە هاوردەكردنی ئەو خواردن و خواردنەوانە دەگەیەنێ‌، چونكە هەندێكیان بریكاری فەرمی بەرهەمی كارگەكانی دەرەوەن و گرێبەستی  ساڵانەیان بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكان هەیە". 

نەوزاد ئەدهەم ڕاشیگەیاند: "بڕیارمانداوە نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتەكانی دارایی، پیشەسازی و بازرگانیی عێراق بكەین كە بە بڕیارەكەیاندا بچنەوە،  چونكە بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2010 ی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و رێككەوتننامەكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانی كە لەسەر بنەمای بازرگانیی ئازاد دامەزراوە، شتێك بەناوی قەدەغەكردنی یەكجاریی هاوردەکردنی بەرهەم نییە، تەنیا دەتوانن رەسمی گومرگی زیاد بكەن".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، 9 كارگەی بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازییەكان هەن كە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی 300 ملیۆن لیتر خواردنەوە گازییەكانیان هەیە، هەروەها 20 كارگەی بەرهەمهێنانی ئایسكرێم هەن كە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی 27 هەزار و 655 تۆن ئایسكرێمیان هەیە، دوو كارگەی بەرهەمهێنانی شەربەتی میوەش هەن .

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، 80 كۆمپانیای بازرگانی تایبەت بە هاوردنی شەربەت، خواردنەوە گازی و ناگازییەكان و ئایسكرێم  هەن. ساڵانە بەپێی خواستی بازاڕ ئەم بەرهەمانە هاوردە دەکەن.


ئامادەکردن و داڕشتنەوەی- سیامەند کەریم