كۆگایه‌كی جگه‌ری به‌ستوو و گۆشتی ئێرانی داخرا

خاوه‌كه‌ی به‌نیازبووه‌ به‌ له‌فه‌ بیفرۆشێت به‌ هاوڵاتیان


لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی  سلێمانی كۆگایه‌كیان داخست كه‌ ته‌واوی خواردنه‌كانی ناوی بۆگه‌نیان كردبوو، خاوه‌كه‌ی به‌نیازبووه‌ به‌ له‌فه‌ بیفرۆشێت به‌ هاوڵاتیان.

 لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایده‌گه‌ێنێت ، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان  له‌بوونی دوكانێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتنی جگه‌ر و گۆشتی ئێرانی له‌ گه‌ڕه‌كی پیرمه‌سوری شاری سلێمانی، لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی ئه‌و دووكانه‌ی كردووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ بڕێكی زۆر جگه‌ر و گۆشتی ئێرانی خراپبوو كه‌ بۆگه‌نیان كردبوو له‌گه‌ڵ بڕێك ته‌ماته‌ و باینجان و سه‌وزه‌ی خراپبوو كه‌ ته‌واوی ئه‌و خواردنانه‌ له‌سه‌ر عاره‌بانه‌ ده‌كرێن به‌ له‌فه‌ و ده‌فرۆشرێن به‌ هاوڵاتیان.

هه‌ر به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌كه‌ ئه‌و كۆگایه‌ هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی و ژینگه‌یی تێدا نه‌بووه‌ و هیچ مۆڵه‌تێكیشی نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت خاوه‌نیشی دیار نییه‌ و ته‌نها كرێكارێكی بیانی تێدا بووه‌ كه‌ مۆڵه‌تی ته‌ندروستی نه‌بووه‌، هه‌ربۆیه‌ ته‌واوی خواردن و كه‌ل‌وپه‌لی ناو كۆگاكه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوده‌برێت و به‌ته‌واویش كۆگاكه‌ داده‌خرێت.

1

 

1

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز