قایمقامی شەنگال داوا لە عادل عەبدولمەهدی دەكات ماددەی 140 جێبەجێبكات

مەحما خەلیل: ناوچەكانی شنگال و نەینەوا كۆمەڵێك ململانێی تێدایە

ئەمڕۆ هەینی، لە بەیاننامەیەكدا، مەحما خەلیل قایمقامی شنگال ڕایگەیاندووە" ناوچەكانی شنگال و نەینەوا كۆمەڵێك ململانێی بێكۆتایی تێدایە و نابێت دۆخەكە بەو شێوەیەی ئێسته‌ بمێنێتەوە كە تەنها خەڵكەكەی باجەكەی دەدەن، داوایش ده‌كه‌م بەپەلە چارەسەر بۆ دۆخی ئەو ناوچانە بدۆزرێتەوە و لە جەنگ و چاوتێبڕینە نێودەڵەتییەكان بپارێزرێت".
 
زیاتر ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئەو ناوچانە تایبەتن و ئاستی ڕۆشنبیری خەڵكەكەی لە ناوچەكانی ترى باكوور جیاوازە، بەڵام بە گشتی ئەو ناوچەیە لە ژێر كاریگەری پێكدادان و ململانێ سیاسیەكاندایە كە بە تەنها خەڵكی ناوچەكان باجەكەی دەدەن، جێی قبوڵكردن نییە ئەو ناوچانە لەژێر هەڕەشەی چەقۆی ململانێ سیاسییەكان و خواستە نەرێنیە نێودەوڵەتییەكاندا بێت".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە" سەقامگیری عێراق پابەندە بە سەقامگیری ئەو ناوچانەوە، سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی كشانەوە و كەمبوونەوەی چەكدارانی داعش و جموجوڵەكانیان كۆنترۆڵ دەكات، ئەو كارەیش لە بەرژەوەندی وڵاتە و دەستكەوتێكی گەورە دەبێت بۆ حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی، كە سەروەری دەستوور پیشان دەدات و یاسا دەبێتە تاكە نازناوی وڵات".

مەحما خەلیل گوتى" هیوای زۆریان بە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەیە كە پێشتریش هەنگاوی ئەرێنی ناوە، ئەو هەنگاوانەیش گوزاشت لە ویستە ئاشتیخوازانەكەی دەكات بۆ هەمو توێژەكانی گەل بێ جیاوازی دین و نەتەوە و كەمینە بوون یاخود بە پێچەوانەوە، ئەوەش هاندەرە تا داوا لە عەبدولمەهدی بكەین بە شێوەیەكی ڕوون و بە هاوكاری سەرجەم لایەنەكان چارەسەر بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە".

له‌ كۆتایدا داوى كردووه‌ كه‌ لە پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ئەو ناوچانەدا پشت بەو بڕگە یاسایی و دەستووریانە ببەسترێت كە تا ئێسته‌یش كارایە، بەڵام چاوەڕوانی خستنە بواری جێبەجیكردن دەكەن، نموونەیەكیش لەو بڕگانە بڕگەی 140ی دەستووری عێراقییە.