دەزگای خێرخوازیی بارزانی بنکەیەکی تەندرووستی بۆ ئاوارەکانی رۆهینگیا دەکاتەوە

پشکنین و چارەسەری تەندرووستی پێشکەشی پەنابەرەکان دەکرێت


شاری کۆخ بازاڕ لە بەنگلادش بووەتە ماڵی نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری بۆڕما کە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە وڵاتی میانماریان بەجێ هێشتووە و روویان لە بەنگلادش کردووە.

تیمێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی پەنابەرەکان سەردانی وڵاتی بەنگلادشیان کرد، لە بەدواداچوونەکاندا کێشە و گیروگرفتەکانی پەنابەرانی موسڵمانی بۆڕما لە ناو کەمپی کوتوپالۆنگی شاری کۆخ بازاڕ لە بەنگلادش دیاری کران و بڕیار درا کە بنکەیەکی تەندرووستی لە کەمپەکەدا بکرێتەوە.

کێشەی تەندرووستی لە کەمپی کوتوپالۆنگ مەترسی لە سەر ژیانی 700 هەزار پەنابەری دانیشتووی کەمپەکە درووست کردووە، ئەم بنکە تەندرووستیە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی مێد گڵۆباڵەوە بۆ پەنابەران لە کەمپەکەدا دەکرێتەوە.

لەم بنکەدا پشکنین و چارەسەری تەندرووستی پێشکەشی پەنابەرەکان دەکرێت و هەوڵ دەدرێت لە رووی تەندرووستییەوە ئاسایشی ژیانی پەنابەرەکان دڵنیایی زیاتری هەبێت.

هەر لەمیانی پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتکردنی پەنابەرانی بۆرما لە بەنگلادش، خوانی بەربانگ لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە پێشکەش بە بەشێک لە پەنابەرەکان کرا.