دوورینەوەی گەنم و جۆی جووتیاران له‌ سنوورى مەخموور ڕاگیرا

شاندى ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم یاداشتێک ده‌ده‌نه‌ پەرلەمان

خەڵکی خانەقین لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە بە مەبەستی رێگری لە تەعریب و داگیرکردنی گوندەکان و سووتانی گەنم و جۆی جووتیارە کوردەکان، ھانا بۆ پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دێنن و یاداشتێکیان داوەتە پەرلەمانی کوردستان".

بەپێی ناوەرۆکی یاداشتەکەیان دوا وادەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان رۆژی پێنجشەممە٢٣ی٥ی٢٠١٩یە، ئەگەر نا ھەڵوێستی جدییان دەبێت.

لە یاداشتی خانەقینییەکاندا ھاتووە  دوای رووداوەکانی١٦ی ئۆکتۆبەر ٧٨ ھاووڵاتی لە سنوورەکە شەھید بوون و زیاتر لە٦٠ تەقینەوەش لە خانەقین روویان داوە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ لەسەر داواکاریی ھێزە عێراقییەکان دوورینەوەی گەنمی جووتیارانی کورد ڕاگیرا و  ھۆکارەکەشی بۆ داواکاریی عەرەبەکان بووە کە داوای پشکی گەنم و جۆ دەکەن.

نوێنەری جووتیارانى سنوری مەخموور راگەیاند" دوێنێ دووشەممە ٢٠ی٥ی٢٠١٩ لە بارەگای ھێزە عێراقییەکان لە مەخموور کۆ بووینەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانمان، بەڵام بەھۆی پێداگریی عەرەبە ھاوردەکان کە داوای پشک دەکەن، ئێمە رەتمان کردەوە ھیچ پشکێکیان بدەینێ و فەرماندەی ھێزە عێراقییەکانیش بریاری دا بە راگرتنی دوورینەوەی گەنمەکان تا چارەسەریی کێشەکە".

نوێنەری جووتیاران گوتیشی" ئەم ڕاگرتنە مەترسیی بۆ سەر بەرھەمی گەنم دەبێت  و ئێمە ھیچ پشکێک نادەین بە عەرەبە ھاوردەکان.

تێزانین ماوەیەکە لە سنووری مەخموور، قەزا و ناحییەکانی سەر بە پارێزگای کەرکووک و قەزای خانەقین و جەلەولا و دەوروبەری و بەگشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، عەرەبە هاوردەکان بە زەبری هێز و بە هاوکاریی هێندێ لیوای سەر بە سوپای عێراق و شەوانە بەناوی داعشەوە هەڵدەکوتنە سەر زەوی و زار و دەغڵودانی جووتیارانی کورد و جیا لە دوورینەوە و بەتاڵانبردنی، ئاگریان لە سەدان دۆنم زەوی و زار و دەغڵودان بەر داوە.