ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق لە 1.5 ملیۆنەوە بۆ 120 هەزار کەس كه‌م بووته‌وه‌

هەزاران مەسیحی بەهۆی هێرش و تەقینەوەکانی داعش ناچاربوون کۆچبکەن


وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاشکرای کرد، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق لە 1.5 ملیۆنەوە بۆ 120 هەزار کەس دابەزیوە.

جێرێمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئۆفیسی خۆی لە لەندەن پێشوازی لە قەشە بەشار وەردە، كەسایەتی ئایینی كاتۆلیك و پێكھاتەی كلدانەكان کرد.

جێرێمی هەنت لە توویتەر رایگەیاندووە، هەزاران کەس بەهۆی هێرش و تەقینەوەکانی داعش ناچاربوون کۆچبکەن و وڵاتەکانیان جێبهێڵن.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستا لە 1.5 ملیۆن کەسەوە بۆ 120 هەزار کەس کەمبووەتەوە.

قەشە بەشار وەردە لە توویتەری خۆی رایگەیاندووە، لە داونینگ ستریت کۆبوونەوەی بەرهەمداری لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا کردووە. دەشڵێت، سوپاسگوزاری پشتگیرییەکانی حکومەتی بەریتانیا و رێکخراوە مرۆییەکانن.