تره‌مپ: ئێران كه‌ی ئاماده‌بێت ئه‌وكاته‌ په‌یوه‌ندییمان پێوه‌ ده‌كات

تا ئه‌و كاته‌ش ئابوورییه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌ره‌سهێنان

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مریكا هه‌وڵی دانوستان له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌دات دوورن له‌ راستییه‌وه‌، رایگه‌یاند: "ئێران كه‌ی ئاماده‌بێت ئه‌و كاته‌ په‌یوه‌ندییمان پێوه‌ ده‌كات. تا ئه‌و كاته‌ش ئابوورییه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌ره‌سهێنان.

دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئێران و وڵاته‌كه‌ی، په‌یامێكی نوێی له‌ تویته‌ره‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

تره‌مپ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن "ئه‌مریكا له‌پێناو دانوستانه‌كاندا هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ ئێران ده‌دات" و رایگه‌یاند: "میدیای ساخته‌ی هه‌واڵ، بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌بێت، هه‌واڵێكی هه‌ڵه‌ی له‌ شێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا هه‌وڵی هێنانه‌ كایه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌دات، بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌واڵێكی درۆیه‌. ئێران كه‌ی ئاماده‌بێت ئه‌و كاته‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ ده‌كات. ئه‌مه‌ دۆخێكی مایه‌ی دڵته‌نگییه‌ بۆ گه‌لانی ئێران.  

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سیناتۆری ناسراوی كۆماریخوازه‌كان، لیندسی گراهام بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زانیاریی له‌باره‌ی ئێرانه‌وه‌ له‌ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی، جۆن بۆڵتن وه‌رگرتووه‌.

لیندسی گراهام له‌دوای وه‌رگرتنی زانیاریی له‌ جۆن بۆڵتن له‌ په‌یامێكدا كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاندووه‌ "له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ئێران به‌ ئاشكرا هێرشی بۆ سه‌ر بۆری نه‌وت و كه‌شتیی وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامدا و هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق درووستكرد. ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر كارمه‌ند و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ببێته‌ واقع، ئه‌وا پێویسته‌ وه‌ڵامێكی جددیی سه‌ربازیی بده‌ینه‌وه‌.