سه‌رۆك بارزانی: تا لە ژیاندا مابم هەر پێشمەرگەی کوردستانم

سه‌رۆك بارزانى : 20ـی ئایار لە ژیانی مندا یادەوەریەکی پرشنگدارە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بووم بە پێشمەرگە


كه‌م بۆنه‌ هه‌بووه‌، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی خۆی وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌ناسێنێت. زۆرجاریش گوتوویه‌تی: "گه‌وره‌ترین شانازی و پله‌ و پۆست لای من پێشمه‌رگایه‌تییه‌".

5/20ـی هه‌ر ساڵێكی نوێ كه‌ دێت، ساڵێكی دیكه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ته‌مه‌نی پێشمه‌رگایه‌تی بارزانی، چونكه‌ ئه‌و هێشتا هه‌ر خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌زانێت. ئه‌مڕۆش كه‌ 20/5/2019 یه‌، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی 57 ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌.

پێشتر سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی ته‌مه‌نی پێشمه‌رگایه‌تی خۆی گوتوویه‌تی: "20ـی ئایار لە ژیانی مندا یادەوەریەکی پرشنگدارە، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بووم بە پێشمەرگە. ئەم یادەوەریە هەمیشە بۆ من سەرچاوەی گەورەترین شانازی بووە".

سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "لە رێکەوتی 20ـی ئایاری ساڵی 1962 لە گەلیی بێخمە پەیوەندیم بە بارەگای بارزانیی نەمر کرد و بەفەرمی چوومه‌ ریزی پێشمەرگە. دۆخی سیاسیی پێش شۆڕش و کەشی دوای شۆڕش، بارێکی هەڵخستبوو کە باوکمان زۆربەی کات دوور لە ماڵ و خێزان بێت، بۆیە داواکاریی خۆم بۆ پەیوەندی بە ریزەکانی شۆڕشەوە بە هۆی نامەوە بۆ باوکم نارد، وێرای رەزامەندیی باوکم بە هەوڵێکی زۆر رەزامەندیی ئیدریسی برام و شێخ بابۆی مامم، دوای هەموو ئەمانە دەبوایە رەزامەندی گەورەمان شێخ ئەحمەد بارزانی وەربگرم. وردەکاریی چۆنیەتی پەیوەندیکردنم بە شۆرشی ئەیلول و ریزەکانی پێشمەرگە لە بەرگی سێیەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا لە بەشی شۆرشی ئەیلولدا باس کردووە. تا ئێستاش بیرهاتنی سات بەساتی چۆنیەتی رۆیشتنم بەرەو بەرەی پێشمەرگە و بارەگای بارزانی بۆ من خۆشی بەخشە و بەشێکە لە یادەوەرییە هەرەخۆشەکانی ژیانم".


سه‌رۆك بارزانی باسی تامه‌زرۆیی خۆی بۆ پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كات و ده‌ڵێت: "تامەزرۆییم بۆ گەیشتن بە ریزەکانی پێشمەرگە لەو تەمەنەدا، هەڵقوڵاوی شانازییەکی گەورە بە ناوی پێشمەرگە بوو، بۆیە گەورەترین شانازیی منیش لە ژیاندا بوون بە پێشمەرگە بوو. بە بڕوا و ئومێدێکی زۆرەوە بووم بە پێشمەرگە، بڕوا بە رەوایی دۆزی کورد و ئومێد بە سەرکەوتن بنەمای باوەری پێشمەرگایەتییە. وەک پێشمەرگەکانی تر ئامانجم خەبات بوو لە پێناو ئازادیی نیشتمان و هێنانە ئارای مافە رەواکانی کورد، خەبات بوو لە پێناو بەرجەستەکردنی کەرامەتی کورد لە بەرامبەر هەموو هەوڵەکانی سڕینەوەی کورد. هەمیشە هاندەری بەردەوامیم و سڵنەکردنەوە لە خەبات ئەو روحە پێشمەرگانەیە بووە. لە هەموو هەوراز و نشێویەکانی قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و گۆرانکاریەکان لە ئەرک و بەرپرسیاریەتیدا، تاکە شتێ کە لەلام نەگۆڕ بووە ئەو روحە پێشمەرگانەیە بووە و تا لە ژیاندا مابم هەر پیشمەرگەی کوردستانم".


سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی داعش
 
سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له‌و كاته‌ی چه‌كدارانی داعش په‌لاماری كوردستانیاندا، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ چووه‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ و باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێهێشت و چه‌ندین رۆژ و هه‌فته‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریی له‌ كوردستان وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئاسایی ژیانی برده‌سه‌ر، له‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی 4 ساڵی شه‌ڕی داعشدا سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی تیكشكاندنی چه‌كدارانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ و رزگاركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی كوردستانیشی كرد.

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ی خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان زانیووه‌، كوردستانیشی له‌ پێش هه‌ر پرسێكی دیكه‌وه‌ داناوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار داوای لێكراوه‌ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌و به‌هۆی بایه‌خی بۆ كوردستان ئه‌و پۆسته‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت پاش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ نێوه‌نده‌ میدیایی و سیاسییه‌كانی عێراقدا پرس و باسی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی وروژێنرایه‌وه‌، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ بكات.

یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كان بۆ سه‌رۆك بارزانی، ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو له‌ 25/9/2017 و سه‌ره‌ڕای فشاره‌ ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌سه‌ری هه‌بوو، به‌ڵام به‌رگه‌ی گرت و ریفراندۆمه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ و مافی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردستان گوتوویه‌تی: "سه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌بوو كه‌ زیاتر له‌ 93% خه‌ڵكی كوردستان به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆییدا و رۆژێك دێت گه‌لی كوردستان به‌و مافه‌ی بگات، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ ده‌ست له‌ مافی سه‌ربه‌خۆبوون هه‌ڵبگرین چونكه‌ له‌سه‌رده‌می كاوه‌ی ئاسنگه‌ره‌وه‌ تا ئێستا كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌بات ده‌كات".

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانیشدا و له‌و دیدارانه‌ی میدیاكان له‌گه‌ڵیان ئه‌نجامداوه‌، هه‌میشه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر مافی گه‌لی كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كردووه‌.

جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه‌ خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ زانیووه‌، به‌رده‌وام خۆی به‌ داكۆكیكاری مافه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش زانیووه‌، له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی ئیداره‌ی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریكا پاش رووخانی رژێمی به‌عس و هه‌وڵه‌كانی پۆل برێمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاندووه‌: "ئه‌وكات هه‌وڵیان ده‌دا پێشمه‌رگه‌ وه‌ك میلیشیا حیساب بكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان ده‌كرد، له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ زۆر هه‌وڵمدا ئه‌مه‌ریكییه‌كان تێبگه‌یه‌نم كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ بڕیارێك درووست نه‌بووه‌ تا به‌ بڕیارێك هه‌ڵبوه‌شێنریته‌وه‌ و مێژووكرده‌ و به‌ خوێن و فرمێسكی كورد درووست بووه‌ و خه‌بات بۆ رزگاری ده‌كات، به‌ڵام نه‌یانده‌ویست له‌و راستییه‌ تێبگه‌ن و هه‌ر له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ به‌ برێمه‌رم گووت، ئه‌وه‌ من ده‌چمه‌وه‌ كوردستان و تۆش پیاوبه‌ وه‌ره‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵبوه‌شێنه‌ره‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ دواجار له‌وه‌ تێگه‌شتن كه‌ پێشمه‌رگه‌ هێزێكی جیاوازه‌ له‌وانه‌ی دیكه‌ی عێراق كه‌ به‌بڕیارێك پێكهێنراون".


ژیاننامه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سەرۆک مه‌سعود مستەفا بارزانی، لە بنەماڵەی بارزانە کە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمانی باشووری کوردستانە و ئەم بنەماڵەیە تێکۆشەرە زیاتر لە سەدەیەکە لە مەیدانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا تێدەکۆشێت.

تەکیەی بارزان کە سەر بە تەریقەتی نەقشەبەندییە، ناوەندێکی هزریی نیشتمانی و روحی و کۆمەڵایەتی بووە.

خەباتی بارزان بە رابەرایەتی شێخ عەبدوسەلامی بارزانیی یەکەم و شێخ محەمەد بارزانی و شێخ عەبدوسەلام بارزانی دووەم و تا شێخ ئەحمەدی بارزانی کاریگەریەکی گەورەی لە سەر بزاڤی رزگاریخوازی سەرانسەری کوردستان هەبووە.

بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی نەمر شۆرشی بارزان پێی نایە قۆناغێکی فراوانتر و پێشکەتووتر و حیزب و دامودەزگای سەربازیی و رێکخراوەیی بە شیوەی کاریگەرتر خرانە خزمەت بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی.

سەرۆک بارزانی له‌دایكبووی رێكه‌وتی 16/8/1946، له‌ شاری مه‌هابادی پایته‌ختی كۆماری دیموكراتیی كوردستانه‌‌، ئه‌وه‌ش هه‌مان رۆژه‌ كه‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كورد له‌ شاری به‌غدا به‌ستراوه‌ و تێیدا ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی نەمر وه‌ك سه‌رۆكی پارته‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.
‌پاش نسكۆی كۆماری دیموكراتیی كوردستان، له‌ ساڵی 1947 له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی و گشت باشوورییه‌كانی نێو كۆمار، ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ باشووری كوردستان. له‌ولایشه‌وه‌، بارزانیی نەمر، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 500‌ هه‌ڤاڵیدا، روو له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت دەکات‌ و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه‌ و تا‌ رووخانی رژێمی شانشینی و دامه‌زراندنی كۆماری عێراق له‌ ساڵی 1958، ئینجا ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێت. له‌ هه‌مان كاتدا شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیش له‌ به‌ندیخانه‌ ئازاد ده‌كرێ.
به‌ ده‌ستپێكی هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر باشووری كوردستان له‌ ڕێكه‌وتی 11/9/1961دا، به‌ ناچاری خوێندن به‌جێ ده‌هێڵێ و له‌ ڕێكه‌وتی 20ی ئایاری 1962دا په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات ‌.
ساڵی 1967 یەكێك لە دامه‌زرێنه‌ران و سەرپەرشتیاری "ده‌زگای پاراستن" بووه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا.
ساڵی 1970 ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری شۆڕشی ئه‌یلوول و حكومه‌تی عێراق بووه‌.
ساڵی 1970 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌ و دواتر به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ستنیشان كراوه‌.
دوو مانگ دوای نسكۆ، به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیدا و به‌ هاوڕێیه‌تی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی جوانەمەرگ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌، فه‌رمانده‌ و كادیری پێشكه‌وتوودا، بناغه‌ی "سه‌ركردایه‌تی كاتی"ی پارتی دیموكراتی كوردستان داده‌ڕێژێته‌وه‌.
له‌ نێوان ساڵانی 1976 ـ 1979دا، لە ئەمەریكا لە خزمەت سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیی باوك و رابه‌ردا بوو كە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا بووە‌‌.
لە سەرەتای ساڵی 1979 بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و رێکخستنەوەی کاروباری حزب، هەروەها بۆ ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ نووسینگەی ئیمام خومەینی له‌ پاریس بەمەبەستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش دژی ڕژێمی شای ئێران، سەردانی ڤییەننا دەکات. لەوکاتەدا لە ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا، له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك بكوژی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقه‌وه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی درا و دوو له‌ یاوه‌ره‌كانی بریندار بوون.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕژێمی محه‌مه‌د ره‌زا شای په‌هله‌وی له‌ ساڵی 1979دا، سەرۆک بارزانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری تاران و له‌وێ هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكی پێ ده‌گات، له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی ئاماده‌سازی بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن و ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی ئه‌نجام درا.
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ساڵی 1979دا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی پارتی دێته‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌بێته‌ دووه‌مین سه‌رۆك له‌ مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا.
ساڵی 1983، له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی بارزانییه‌كاندا، 37 كه‌س له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ 8000 كه‌سی ناوچه‌ و عه‌شیره‌ته‌كه‌ی، له‌لایه‌ن ڕژێمی سه‌دام حسێنه‌وه‌ له‌ بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقدا له‌ناو ده‌برێن و له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا شوێنبزر ده‌كرێن.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی رێکخستنەوە و بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشانی ناوخۆ، سەرۆک بارزانی چەندەها جار لەگەل پێشمەرگە سەردانی ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان کردووە.
ساڵی 1986 یه‌كه‌مین به‌رهه‌می خۆی له‌ بواری خه‌باتی بارزانی و مێژووی پارتیدا، له‌ ژێر ناونیشانی (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد) له‌ سێ به‌رگدا و به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ چاپ ده‌دات، كه‌ تاكو ئێستا چه‌ندین جار پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردووه‌ و بۆ سه‌ر زمانه‌كانی كوردی به‌ هه‌ردوو دیالێكتی كرمانجی سه‌روو و كرمانجی ناوه‌ڕاست، توركی و فارسی و ئینگلیزی‌ وه‌رگێڕدراوه‌.
لە 31/1/1987 بەرێز ئیدریس بارزانی برای سەرۆک بارزانی کە هەڤاڵ و هاوشانی بەردەوامی سەرۆک لەو خەباتە سەختەدا بوو لە ناوچەی  کۆچی دوایی دەکات.
ساڵی 1988 فه‌رمانده‌یی گشتی "داستانی خواكوڕك"ی كردووه‌‌.
لە ساڵانی 1980 تا 1987رۆڵی هەریەكە لە مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی برای، لە سەرکردایەتی کردنی شۆڕشی گوڵان و دامەزراندنی چەندین بەرەی سیاسی لەنێوان لایەنە بەرهەڵستکارەکانی عێراق زۆر بەرچاو بوو، کە دیارترینیان پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بوو.
بەرەی کوردستانی لە ڕۆژی 2ی ئایار ساڵى 1988 راگەیەندرا لە (8) حزبی باشووریی کوردستان پێکھاتبوو: پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حسک، پاسۆک، پارتی گەل، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان-عێراق، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری. مەبەست لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی کار و خەباتی پێکەوەیی بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس لە عێراق کە لەو سەردەمەدا کردەوە دژ بە مرۆڤایەتییەکانی بەرامبەر بە گەلی کوردستان و شۆڕشەکەی گەیاندبووە ئەوپەڕی دڕندەیی.
شەهید ئیدریس بارزانی بە ئەندازیاری دروستکردنی بەرەی کوردستانی دادەندرێت و سەرۆک مەسعود بارزانی رۆڵێکی گرینگ و یەکلاکەرەوەی بینی لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەو بەرەیەدا، بەتایبەتییش لەکاتی سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 ـی گەلی کوردستاندا.
ساڵی 1989 له‌ كۆنگره‌ی ده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ بۆ جاری دووه‌م به‌ تێكڕای ده‌نگ به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌.
له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا، ڕابه‌ری مەیدانیی به‌ره‌ی كوردستانی بووه‌ و‌ پلانی ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌كانی عێراقی له‌ باشووری كوردستان داناوه‌.
لە 7ـی 4ـی 1991 لە دەربەندی كۆڕێ سەرپەرشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە كە تێیدا پێشمەرگە داستانێكی مەزن و مێژوویی تۆمار كرد و هێرشی هێزەكانی بەعسی لە كۆڕێ تێكشكاند، داستانی كۆڕێ وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە خەباتی بەرخودان و ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان.
له‌ مانگی ئایاری ساڵی 1991دا، له ‌دوای كۆڕه‌و، سه‌رۆكایه‌تی شاندی به‌ره‌ی كوردستانی ‌بۆ شاری به‌غدا كردووه‌ و به‌ مه‌به‌ستی دانوستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی كورد، له‌گه‌ڵ سه‌رانی ڕژێمی عێراقدا گفتوگۆی كردووه‌، به‌ڵام له ‌دوای چه‌ندین خول دانوستانەکان بێ ئەنجام بووە.
‌ لە نەورۆزی ساڵی 1991 له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌وه‌، داوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و دامه‌زراندنی حكومه‌تی كوردستانی كردووه‌.
له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا له‌ ساڵی 1992، خۆی بۆ رێبه‌رایه‌تی هه‌ڵده‌بژێرێ و ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێناوه‌، بەڵام کێشە ناوخۆییەکان و رەچاوکردنی دۆخی ناوخۆ ئاستەنگ بوون لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە.
له‌ ڕێكه‌وتی 19/6/1991دا، له ‌لایه‌ن رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤه‌وه‌ خه‌ڵاتی ئاشتیی بە گەلی کوردی پێ به‌خشراوه‌‌. دواتر لە لایەن بەرێزیانەوە خەڵاتەکە پێشکەش بە خاتوو دانیال میتێران کرا.
ساڵی 1992 ئەندامی سەرۆکایەتیی کۆنگرەی نیشتیمانیی عێراقی INC بووە.
لە شوباتی 1992 لە لەندەن لەلایەن جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی بریتانیا پێشوازی لێ كراوە.
له‌ ساڵی 1993دا، له‌ كۆنگره‌ی یازده‌یه‌می پارتی، کە به‌ به‌شداری (2167) نوێنه‌رلە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌‌.
پاش هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ لە باشووری كوردستاندا، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی خستەگه‌ڕ تا ڕێگه‌ له‌و شه‌ڕه‌ ماڵوێرانكه‌ره‌ بگرێت. له‌ ڕێكه‌وتی 17/9/1998 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز خاتو مادلین ئۆلبرایت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵا‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیی واشنتۆنیان ئیمزا كرد‌.
له‌ رێكه‌وتی 15/10/1998 له‌ باره‌گای پارتی سۆسیالیستی فه‌ڕه‌نسا له‌لایه‌ن به‌ڕێز فڕانسوا ئۆلاند، سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی فه‌ڕه‌نسا پێشوازیی لێ کرا.
له‌ رێكه‌وتی 20/10/1998یش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وەزیری دەرەوەی به‌لجیكاوه‌ پێشوازیی لێ كرا‌.
له رێكه‌وتی‌ 6ـ14/10/1999 له‌ كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا، کە به‌ به‌شداری (1473) نوێنه‌ر لە هەولێر بەڕێوەچوو، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه‌ بۆ جاری چواره‌م به‌ تێكڕای ده‌نگ به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرایەوە‌.
له‌م قۆناغه‌ به‌ دواوه‌ ئه‌رك و دیپلۆماسییه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد هه‌نگاوی گه‌وره‌ ده‌نێت و به‌رپرسیارێتی و دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌كانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تیدا گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاو به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێك له‌و چالاكی و ئه‌رك و دیدارانه‌یه‌:
8 جار لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبۆتەوە. 4 جار لەگەڵ جۆرج بوش کە دووجار لە کۆشکی سپی بووە 25/10/2005 و 14/12/2008، هەروەها 27/11/2003 لە بەغدا و 3/9/2007 لە بنکەی سەربازیی عین الاسد لە سنووری ئوردن. هەروەها 4جار لەگەڵ باراک ئۆباما کۆبۆتەوە کە 3 جار لە کۆشکی سپی بووە 26/01/2010 و 04/04/2012 و 5/5/2015، هەروەها 07/04/2009 لە بەغدا.
پێنج جار دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا هەبووە کە دووجاریان لە هەولێر بووە. لە مانگی ئاداری 1992 لە پاریس چاوی بە فرانسوا میتران سەرۆككۆماری فەڕەنسا كەوتووە. له‌ 12/9/2014 لە شاری هەولێر پێشوازیی له‌ فڕانسوا هۆلاند، سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نسا كردووه‌. له‌ 2/1/2017 له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، بۆ جاری دووه‌م پێشوازیی له‌ فڕانسوا هۆلاند سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نسا كردووه‌. له‌ 21/2/2016 له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ، له‌لایه‌ن به‌ڕێز فڕانسوا هۆلاند سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نساوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. له‌ 10/2/2015 له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ،‌ له‌لایه‌ن  فڕانسوا هۆلاند سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نساوه‌ پێشوازیی لێ كرا.
چەندینجار لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی ئەمەریکا کۆبۆتەوە. لەگەڵ ئالگۆر جێگری بیل کلینتۆن، دیک چنی جێگری جۆرج بوش و جۆ بایدن جێگری باراک ئۆباما.
سێجار لە ڤاتیکان پێشوازی لێ کراوە. لە 2005/11/14 و 28/2/2009 له‌لایه‌ن قه‌داسه‌تی پاپا به‌نه‌دیکتی شازده‌هه‌م، پاپای ڤاتیکان و لە 30/5/2014  لەلایەن قه‌داسه‌تی پاپا فرا‌نسیسی یه‌كه‌م پێشوازی لێ کراوە و دیدار و گفتوگۆی درێژخایەن لە نێوانیاندا هەبووە بە تایبەت ژیان و گوزەرانی مەسیحییەکانی کە بە هۆی داعشەوە کوردستان پەنای دابوون. لە سەر ئاستی دیپلۆماسیش چەندین شاندی باڵا بە نوێنەرایەتی پاپای ڤاتیکان سەردانی سەرۆک بارزانیان کردووە.
سێجار لە هەولێر پێشوازیی لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە. له‌ 24/7/2014 لە هەولێر پێشوازیی له‌ به‌ڕێز بان كی مۆن سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد‌. له‌ 26/3/2016 له‌ هه‌ولێر پێشوازیی له‌ به‌ڕێز بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد‌.‌ لە 30/3/2017 لە هەولێر پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان کرد.
لە 31/10/2005 لەلایەن تۆنی بلێر سەرۆکوەزیرانی بریتانیاوە پێشوازی لێ کرا.
لە 13/11/2005 لەلایەن سێرجیۆ برلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێ کرا.
چەندین دیداری لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیادا هەبووە. لەوانە پێنج جار لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا دیداریان هەبووە. لە شوباتی 1992 لە لایەن تورگوت ئۆزاڵ سەرۆككۆماری توركیا لە ئەنكارا پێشوازی لێ کرا و یەکەمجار بوو میوانێکی فەرمی بە جلکی کوردییەوە پێشوازی لێ بکرێت. له‌ 14/7/2014 له‌ كۆشكی كۆماریی توركیا، له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا گویلی سه‌رۆككۆمار پێشوازیی لێ كرا. لە 9/12/2015 ڕەجەب تەییب ئەردوگان سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی پێشوازی لە سەرۆك بارزانی کرد. له‌ 23/8/2016 له‌ كۆشكی كۆماریی توركیا، له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌یپ ئه‌ردۆغانه‌وه پێشوازی لێ كرا‌.‌ له‌ 26/2/2017، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا، کە بۆ یەکەمجار ئاڵای كوردستان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ بۆ پێشوازیی لە سەرۆک بارزانی هەڵکرابوو، و لەو سەردانەدا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب تەیپ ئه‌ردۆغان له‌ ئیستانبوڵ كۆبوونه‌وه‌.
دەجار دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەبووە. شوباتی 1992 لەلایەن سولەیمان دەمیرڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ یەكەمین جار بە جلی كوردی پێشوازی لێ كرا.  له‌ 6/10/2000 و 8/5/2001 له‌ كۆشكی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، له‌لایه‌ن بولانت ئه‌جه‌وید سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیاوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌ لە 2011/3/29 لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازیی لە رەجەب تەیپ ئەردوغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا کرد. لە 16/11/2013 سەرۆک بارزانی و ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە ئامەد بەشداریی مەراسیمێکی جەماوەریی فراوانیان کرد ک بە ئامادەبوونی سەدانهەزارکەس لە هاووڵاتیانی ئامەد بەڕێوەچوو و تیایدا ئاڵای کوردستان دەشەکایەوە. له‌ 14/7/2014 له‌ كۆشكی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، له‌لایه‌ن ڕه‌جه‌ب تەیپ ئه‌ردۆغان سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌ پێشوازیی لێ كرا. له‌ 21/11/2014، لە هەولێر پێشوازیی له‌ دكتۆر ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا كردووه‌. لە 9/12/2015 ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا پێشوازی لە سەرۆك بارزانی کرد. لە 2017/1/8 لە هەولێر، پێشوازی لە بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای كۆماری توركیا پێكهاتبوو. لە 27/2/2017 لە شاری ئەنكارا، لە لایەن بیناڵی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا، بە دانانی ئاڵای کوردستانەوە، پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرا.
سەرۆک بارزانی چەندین دیداری لەگەڵ ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو. لەوانە لە مانگی ئایاری 1979 لەگەڵ كاك ئیدریس بارزانی لە شاری قومی ئێران چاوی بە ئایەتوڵڵا خومەینی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەكەوێت. لە 2011/10/31 لە تاران، ئایه‌توڵلا عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، پێشوازیی لە سەرۆک بارزانی کرد. پێنج جار لەلایەن سەرۆککۆماری ئێران هەبووە. ساڵی 1995 هاشمی ڕەفسنجانی سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد. دووجار له‌ كۆشكی كۆماریی ئێران له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌ید محه‌مه‌د خاته‌می، سه‌رۆككۆماری ئێرانه‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه: 10/12/2002 و 25/9/2004. دووجاریش لەلایەن دکتۆر مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری ئێران، پێشوازیی لێ کراوە: لە2008/10/23  و 2011/10/31 . لەگەڵ جەندین دیداری تر لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
له‌ 14/10/2003 له‌ كۆشكی كۆماریی میسر له‌لایه‌ن حوسنی موباره‌ك، سه‌رۆككۆماره‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. ڕۆژی 6/7/2010 سەرۆک بارزانی له‌ كۆشكی كۆماریی له‌ لایه‌ن حوسنی موباره‌ك سه‌رۆككۆماری مسره‌وه‌ پێشوازی لێ كرا. لە 22/5/2015 لە پەرواێزی دانیشتنەکانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردووی ئۆردۆن سەرۆك بارزانی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی كۆماری میسر كۆبۆوە.
له‌ ساڵانی 1982 هەتا 1996، له‌ كۆشكی كۆماری سوریا چەندین جار له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆمار، حافز ئه‌سه‌ده‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. هەروەها له‌ 20/10/2003 و 18/10/2004  لە كۆشكی كۆماریی سوریا له‌لایه‌ن به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆككۆماره‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌.
سەرۆک بارزانی سێ جار بانگهێشتی سعوودیە کراوە. جاری یەکەم لە لە ئایاری 1993 لەلایەک شا فەهد بن عەبدولعەزیز شای عەرەبستانی سعودییەوە پێشوازی لێ کرا. لە 13ـی 3ـی 2007 لە لایەن شا عبدالله شای سعودیە پێشوازی لێ کرا و جاری دووەم لەچوارچێوەی سەردانێکی فەرمی بۆ شانشینی سعوودیە لە  1/12/2015 شا سەلمان عەبدولعەزیز لە كۆشكی پاشایەتی لە شاری ڕیاز پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرد.
سەرۆك بارزانی پەیوەندیێەكی توندی دۆستانەی لەگەڵ بەڕێز جەلالەتی شاعەبدوڵڵا كوڕی حوسەین شای ئۆردۆن ھەیە و چەندینجار دیدار و پەیوەندیی تەلەفۆنییان ھەبووە. لە 19/3/2007، 5/5/2014، 21/5/2015، 18/5/2017 لە كۆشكی حوسێنییەی عەمانی پایتەختی ئۆردۆن جەلالەتی شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئۆردۆن پێشوازی لە سەرۆک بارزانی كردووە. لە 22/5/2015 لەگەڵ شاعەبدوڵڵا بەشدارییان لە پێشانگای سۆفێكس كرد. لە 21ـی 5ـی 2015 لە یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، كۆبوونەوەیەك لەنێوان سەرۆك بارزانی و جەلالەتی شا عەبدوڵڵای پاشای شانشینی ئۆردۆن بەڕێوەچوو. لە 12/2/2016 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 سەرۆك بارزانی و شا عەبدوڵڵا کۆبوونەوە.
له‌ 13/10/2000 له‌لایه‌ن به‌ڕێز هانز فیشه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی نه‌مسا پێشوازیی لێ كراوه‌.
له‌ رێكه‌وتی 3/10/2001 له‌ پیرمام (هه‌ولێر) پێشوازیی له‌ به‌ڕێز خاتو دانیاڵ میتێران، خاتونی یه‌كه‌می فه‌ڕه‌نسا، کرد كه‌ به‌ "دایكی كوردان" ناسرا بوو‌.
له‌ ڕۆژانی 14ـ 16/12/2002 به‌شداریی كۆنگره‌ی له‌نده‌نی بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دژ به‌ ڕژێمی سه‌دام حسێن كردووه‌.
له‌ رێكه‌وتی 28/4/2003 به‌ مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی فیدڕاڵیزم بۆ كورد، به‌ سه‌رپه‌رشتی شاندێك به‌شداری كۆنگره‌ی به‌غدای كردووه‌‌.
له‌ رێكه‌وتی 13/7/2003 به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نیشتیمانیی عێراقی ده‌ستنیشان كراوه‌.
لە ساڵانی 1984 هەتا 2008 چەندینجار لەگەڵ مەعمەر قەزافی سەرۆكی لیبیا كۆبووەتەوە.
لەگەڵ میری دەوڵەتی كوێت و میری دەوڵەتی قەتەر دیداری هەبووە کە لە 3/2/2009 میری دەوڵەتی كوێت بەڕێز شێخ سەباح ئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح لە كۆشكی بەیان پێشوازی لە سەرۆک بارزانی كردووە و دیدار و گفتوگۆیان هەبووە و لە 8/2/2009 لە تەلاری دیوانی ئەمیری لە لایەن بەڕێز شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەرەوە پێشوازی لێ كراوە.
له‌ رۆژانی 26و27/3/2004 له‌ ژێرچاودێری سەرۆک بارزانی، كۆنگره‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی عێراقی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێ كرد‌.
له‌ رێكه‌وتی 18/3/2004 له‌ ژێر چاودێری سەرۆک بارزانی، كۆنگره‌ی دیالۆگی كوردی ـ عه‌ره‌بی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێ كرد‌.
له‌ رێكه‌وتی 1/4/2004 به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، هه‌ڵبژێردراوه‌.
له‌ رێكه‌وتی 1/12/2004 له‌ شاره‌دێی پیرمام له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان واژویان له‌سه‌ر "رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیجی" بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان كردووه‌.
له‌ رێكه‌وتی 12/6/2005 به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.
له‌ رێكه‌وتی 25/10/2005 له‌ كۆشكی كۆماریی وڵا‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له ‌لایه‌ن به‌ڕێز جۆرج بۆشی سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكاوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. لەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی وەک یەکەمجار لە مێژووی دیپلۆماسیی کوردیدا بە جلی کوردیەوە لە کۆشکی سپی ئامادەی دیدارەکە بوو.
له‌ رێكه‌وتی 14/11/2005 له‌ كۆشكی ڤاتیكان له‌لایه‌ن به‌ڕێز پاپا بندیكتی شازده‌یه‌م، پێشه‌وای كاتۆلیكیی جیهانی، پێشوازیی لێ كراوه‌.
له‌ رێكه‌وتی 15/11/2005 له‌ كۆشكی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا، له‌لایه‌ن به‌ڕێز سلیڤیۆ بێرلێسكۆنی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا و دواتر له‌ ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی ئیتالیا له‌لایه‌ن به‌ڕێز پیەر فێردیناندۆی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی ئیتاڵیاوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌.
رۆژی 11/3/2008 كۆنگره‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی لەهەولێر دەستی بەکارەکانی کرد و ڕۆژی 15/3/2008 سەرۆک بارزانی لە دانیشتنی کۆتایی کۆنگرەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد.
رۆژی دوو شه‌ممه‌ 13/4/2009 لە هەولێر، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستین کرد. هەروەها لە 22/5/2015 لە پەراوێزی دیدارەکانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو لە وڵاتی ئۆردۆن، سەرۆک بارزانی، لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی فەلەستین كۆبۆوە.
له‌ رێكه‌وتی 25/7/2009 له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی و ڕاسته‌وخۆدا، بە 70% ـی ده‌نگی گه‌ل، به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌.
ساڵی 2010 بۆ جاری پێنجه‌م له‌ كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا، به‌ تێكڕای ده‌نگی نوێنه‌رانی كۆنگره‌، به‌ سه‌رۆكی پارتیی هه‌ڵبژێردراوه‌ و شایانی باسه‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا له‌به‌رده‌م تێكڕای میوانه‌ بیانی و ناوخۆییه‌كانیدا، به‌ ئاشكرا باس له‌ مافی بڕیاری چاره‌نووس بۆ كورد، كرا.
رۆژی 1/10/2010 بەشداریی لە کۆنگرەی هاوپەیمانە دیموکراتەکان لە ڕۆما کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
22/2/2011 له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا له‌ "رۆما"ی پایته‌ختی وڵاتی ئیتاڵیا، مه‌دالیای Atlantic Award به‌ سەرۆک بارزانی به‌خشرا.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 20/2/2013 سه‌رۆك پۆتین سه‌رۆكی روسیای ئیتحادی پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد.
رۆژی 20/06/2013 له‌ په‌راوێزی كاروباره‌كانی كۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی ئابووری سان پیترسبۆرگ لە وڵاتی ڕووسیا، سەرۆک بارزانی و سێرگێ لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا كۆبوونه‌وه‌.
رۆژی دووشەممە 22/7/2013 لە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی 39 لایەنی سیاسیی هەر چوار پارچەی كوردستان، لەسەر داوا و بە سەرپەرشتیی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆبوونەوەیەك بۆ باسكردنی هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و دانانی لیژنەی ئامادەكاری ئەنجام درا.
له‌ ساڵی 2013 پەرلەمانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران و ڕه‌زامه‌ندی زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی بۆ دوو ساڵ درێژ كرده‌وه‌‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی له‌م درێژكردنه‌وه‌یه‌ ڕازی نه‌بوو به‌ڵام له‌به‌ر ئاشته‌وایی نیشتمانی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرته‌وه‌.
ساڵی 2014 له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووه‌ و تا تێكشكاندنی ئه‌م هێزه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رده‌وام بووه‌. سەرۆک بارزانی لە میانەی ساڵانی شەڕی داعش بە شیوەیەکی بەردەوام سەردانی هەر هەشت میحوەری بەرەکانی جەنگی دەکرد.
سەرۆک بارزانی لە ماوەی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا، وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، جگە لە ئەرکی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دابەشکردنی میحوەرەکان، سەرکردایەتیی شەڕی دژی تیرۆریستانی دەکرد و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی و فەرماندەیی هەڵمەتەکانی پێشمەرگەی بۆ ئازادکردنی ڕەبیعە، زوممار، چیای زەرتک، بەنداوی مووسڵ، چیای شنگال و حەوزی عەوێنات و شاری شنگالی کرد. پلانی ئازادکردنی زوممار و حەوزی عەوێنات و چیای شنگال و شاری شنگال، کە سەرۆک بارزانی داڕێژەریان بوو ڕاستەخۆش و فەرماندەیی کردن. لەڕووی کات و چۆنییەتیی جێبەجێکردنی ئەو پلانانەوە، داستانی بێ وێنە بوون.
له‌ رێكه‌وتی 20/8/2014 پێشوازی له‌ به‌ڕێز ماتییۆ ڕێنز، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتالیا كردووه‌.
لە ماوەی شەڕی داعشدا، هەولێر ترافیکێکی قورسی دیپلۆماسی بەخۆیەوە دیت و بەرپرسانی باڵای ئەرمەریکا و دەوڵەتانی ئەورووپا، بەتایبەتی وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی دژی داعش و باڵیۆزی ئەو دەوڵەتانە لەعێراق، سەردانی کوردستانیان دەکرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبوونەوە. لەوانە: ئەمەریكا، بریتانیا، فەڕەنسا، كەنەدا، ئیتاڵیا، بەلژیکا، نەمسا، چیک، هەنگاریا، سوید، نەرویج، ژاپۆن، و...
ساڵی 2015 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان دۆسیه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ به‌رده‌ستی‌ ئه‌نجومه‌نی شورای كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌وانیش پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌، به‌هۆی ناله‌باربوونی بارودۆخی وڵات و نزیكبوونی هێزه‌كانی داعش له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان،‌ بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان بۆ دوو ساڵی تر، دا، به‌ڕێزیشیان لەبەر هەستیاری دۆخەکە و پشتگەرمیی پێشمەرگە لە ئەرکەکەی بەردەوام بوو.‌
له‌ رێكه‌وتی 11/1/2015 پێشوازیی له‌ به‌ڕێز پیتەر ماورێر سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور كرد.
له‌ رێكه‌وتی 13/2/2015 له‌ كۆشكی كۆماری، له‌لایه‌ن به‌ڕێز هانز فیشه‌ر سه‌رۆككۆماری نه‌مساوه‌ پێشوازیی لێ كرا.
له‌ رێكه‌وتی 11/5/2015 له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێز ڤیكتۆر ئۆبان، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌نگاریا و به‌ڕێز جانۆس ئادێری سه‌رۆككۆماری هه‌نگاریا پێشوازیی لێ كراوه‌.
له‌ رێكه‌وتی 12/5/2015 له‌ كۆشكی كۆماریی چێك له‌لایه‌ن به‌ڕێز میلۆس زێمان، سه‌رۆككۆماری چیكه‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌.
رۆژی 22/5/2015 بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو لە وڵاتی ئۆردۆن کرد.
له‌ رێكه‌وتی 23/12/2015، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز پێترۆ گراسۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئیتالیا كردووه‌.‌
له‌ رێكه‌وتی 25/10/2016 له‌ پیرمام پێشوازی له‌ به‌ڕێز ستێڤان لۆفین سه‌رۆكوه‌زیرانی سوێد كردووه‌.
رۆژی 11/7/2017 سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەكەی لە پارلەمانی ئەورووپا لە بروکسل، وتارێكی پێشكەش كرد.
رۆژی 11/7/2017 ، سەرۆك بارزانی، خێرت بۆرژوا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلژیكا، پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد.
چەندین جار بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كردووە و له‌ چوارچێوه‌ی كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆس، لەگەڵ زۆرێك لە سەركردە سیاسییەكانی جیهاندا كۆبووەتەوە. لەوانە:‌ شا عەبدوڵڵا پادشای شانشینی ئۆردۆن، خاتوو ئەنگێلا مێركل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ئیلهام عه‌لیێڤ سه‌رۆككۆماری ئازه‌ربایجان، جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، مارك ڕووته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، خاتوو كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ سەرۆكی كرواتیا، گیئۆرگی ئیڤانۆڤ سەرۆكی مەكدۆنیا، خاتوو فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، تەممام سەلام سەرۆكوەزیرانی لوبنان، حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌. ئەوە جگە لە دیدارەکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی دەوڵەتانی بەشداری ئەو کۆڕبەندە و سەرۆک و سکرتێری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسانی دیکەی بەشداربووی کۆڕبەندەکە.
به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، به‌ سوربوون و پێداگرییه‌كی ڕابه‌رانه‌وه‌‌ له‌سه‌ر بڕیاردانی گه‌لی كورد له‌ مافی چاره‌نووسی خۆی، له‌ ڕێكه‌وتی 25/9/2017، ڕێفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان ساز دا، له‌ ئه‌نجامدا 93% ده‌نگده‌رانی كوردستان، به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا.
له‌ ئه‌نجامی خیانه‌تی تاقمێك و ڕاده‌ستکردنی كه‌ركوك ـ گه‌رمه‌سێر، له‌ ڕێكه‌وتی 16/10/2017دا. بۆ ڕێگریكردن له‌ به‌دیهاتنی خه‌ونی نه‌یاران، له‌ ڕێكه‌وتی 20 ئۆكتوبه‌ری 2017، وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان له‌ به‌ره‌کانی پردێ ـ مەخمور ـ تەلسقۆف ـ سحێلا، له ‌به‌رامبه‌ر میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی، سوپای عێراق، وەستایەوە پێشڕەوی ئەو هێزە پڕچەکەی وەستێنرا و بەغدای ناچار بە ملدان بۆ دانوستان کرد.
له‌ ڕێكه‌وتی 29/10/2017، پەرلەمانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری درێژكردنی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هەردوو دەسەڵاتی راپەراندن و یاسادانانی دا، به‌ڵام سەرۆک بارزانی به‌وه‌ ڕازی نه‌بوو و ده‌سه‌ڵاتی خۆی خسته‌ به‌رده‌م پەرلەمان تا بەسەر هەردوو دەسەڵاتی راپەراندن و یاسادانان دابەش بکرێت و ڕایگه‌یاند كه‌ خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌زانێ و وەک پێشمەرگە لە خەبات بەردەوام دەبێت.
سەرۆک مسعود بارزانی ساڵی (1965) هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی هەشت منداڵە.
سەرۆک بارزانی شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی به‌ هه‌ردوو زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو و ناوه‌ڕاست، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزییه‌.
حه‌ز به‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووكی مێژوویی، ڕامیاری و سه‌ربازی ده‌كات. یه‌كێكه‌ له‌ ئاره‌زوومه‌ندانی هۆنراوه‌ عیرفانییه‌كانی هۆزانڤانی كورد مه‌لای جه‌زیری و ئەحمەدی خانی و وەفایی.
سەرۆک بارزانی وەرزش دەکات و حەزی لە وەرزشەکانی تۆپی پێ و مه‌له‌كردن و پیاده‌ڕۆیشتنە.
باوه‌ڕی به‌ چه‌سپاندنی مافه‌كانی ئافره‌ت وه‌ك ئه‌ندامێكی كارای كۆمه‌ڵگا‌، پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه، ئاین، ئاینزا و ڕێبازه‌كان له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ و به‌ بناغه‌ی نیشتمانی هاووڵاتیبوونیان ده‌زانێ.
سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە پرسی ژینگەپارێزی دەدات و لە سەر رێبازی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، پاراستنی سروشت و ژینگە بە بنەمای ئەرکی ئایینی و نیشتیمانی دەزانێت. ئەم بنەمایە ئیمرۆ لە دەڤەری بارزان بە چڕێ جێگیرکراوە و بۆیەشە سروشتی ئەم دەڤەرە بووە بە نموونەیەک لە ژینگەی سروشتیی نایاب لە رۆژهەلاتی ناوەراست. کار بۆ فراوان کردنی ئەم نموونەیە لە هەموو کوردستان دەکرێت.

K24