دیندار زێباری: کوردستان تاکە شوێنە کەمایەتییەکان تێیدا هەست بە ئاسوودەیى دەکەن

حکومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایه‌وه‌

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای سەبارەت بە رەوشەکانی مافی مرۆڤ بۆ ساڵی 2018 دایەوە و رایگەیاندووە:  لەرووی داڕشتنی راپۆرتەکەیان هەمیشە هەوڵدراوە پێگە و کردارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە حکومەتی فیدراڵ بکرێت و هیچ تایبەتمەندییەک بە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان وەک دەسەڵاتێکی جوگرافی لە ناوچەکە نادات. 

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "بۆ کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبی و ئیتنییەکان، هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە سەرتاپاى عێراق کە تێییدا هەمووان هەست بە ئاسوودەیى دەکەن، تەنانەت یەک کەیسیش نییە لە هەرێمى کوردستاندا لە سەر جیاوازى نەتەوەیى رووبەڕووى کێشە بوبێتەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتگیری لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکات، کەچی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە لە رووی ئازادی و پاراستنی کەمینەکان تا رادەیەکی زۆر رەخنەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سیاسەت، ستراتیجیەت و هەوڵەکانی هەرێم بکات لەرووی پراکتیکییەوە".

باسی لەوەشکردووە، "ئاراستەکردن و ساخکردنەوەی تۆمەت لەسەر هەرێمی کوردستان بەبێ بوونی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پێشینەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و زۆرێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، بەبێ ئەوەی دڵنیابن لە هەنگاو و کردارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  چەندین تۆمەت دەدەنە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان. هەروەها زۆرینەی ئەو زانیارییانەی کە لەم راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیان پێکراوە لەلایەن خۆیانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵکو بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی دیکەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی نوسراوە".

رۆژی 13ـی ئاداری 2019 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان بۆ ساڵی 2019بڵاوکردەوە، بەشێکی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بە عێراق و هەرێمی کوردستان و تێیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی لە ساڵی 2018دا پێشێلکاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە. 

زێباری راشیگەیاند "رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە روونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە لە رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستاندا مافی پێکهاتەکان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە ماددەی شەشى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاووڵاتییانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانی دانراون، هەروەها لە ماددەی (حەوت)ی رەشنووسەکەدا هاتووە: ئەم دەستوورە دووپات دەکاتەوە کە ئیسلام ناسنامەی راستەقینەی  زۆرینەی گەلی کوردستانە و پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلام یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بڕیاردان، هەروەها مافی ئایینی کریستیان و ئێزیدییەکان و ئەوانی تر زامن دەکات لە ئازادی بیروباوەڕ و ئەنجامدانی چالاکییە ئایینییەکان".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر پارێزگای هەولێر کە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک کارێکی رەگەز پەرەستیانە و توندئاژۆییانە باسی لێوە کردووە دەڵێ "لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەند جارێک تیرۆریستان کردەوەی خۆکوژییان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامداوە، لە کۆی ئەو کردەوانە بەشی هەرە زۆری قوربانییەکان کوردی موسڵمان بوون و ئامانج تەنها تێکدانی رەوشی ئارامی و سەقامگیری کوردستان و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بووە لە نێو هاووڵاتییان، هەر بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە کوژرانی ئەو فەرمانبەرە کریستیانە لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئایینەوە نەبووە".

بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت کراوە بە دۆخی ئاوارە و پەنابەران و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لەو بارەوە رێکخەری راسپاردەنێودەوڵەتییەکان دەڵێ "ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە كەمپەکان لەلایەن پۆلیس و ئاسایش پارێزراون و تاوەکو ئێستا هیچ مەترسیەک لەسەر ژیانى ئاوارەكان نییه. سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەش لەگەڵ ئاوارە و پەنابەران و کەمایەتییە ئاینییەکان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ مامەڵەی خراپیان لەگەڵ نەکراوە، بە هیچ شێوەیەک ماڵ و خانووی کەس نەرووخێندراوە و تاڵان نەکراوە. هەروەها داوا له ئێزیدییەکان نەكراوه كە وه‌كو كورد خۆیان بناسێنن و هیچکات ناچار نەکراون بە زۆر پشتگیری لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن".

هەروەها سەبارەت بە  ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە کاری لەشفرۆشیان پێبکرێت رایگەیاند "دەتوانین بڵێین تاوەکو ئێستا دەزگاى داواکارى گشتى لەم حاڵەتەدا ئاگادار نەکراوەتەوە، بەڵام قسە هەیە لەو بارەیەوە دەکرێت کە گوایە هەندێ ڕێکخراوى نێوەدەوڵەتى استغلالى ئەمە دەکەن. هەر بۆیە دەزگاى داواکارى گشتى ژمارەى تەلەفۆنی داوەتە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و خێرخوازییەکان کە ئاگاداریان بکەنەوە لەهەر حاڵەتێکى وەهادا بۆ ئەوەى بە کارى خۆیان هەڵبستن ئەویش "تحریکى دعوى" دژی سەرپێچی کارانى ئەم تاوانە، بەڵام تا ئێستا هیچ حاڵەتێکى وەها لاى ئەوان تۆمار نەکراوە".

زێباری ئەوەشی گوت "سواڵکردنى منداڵان بە پێى یاساى چاودێرى نەوجەوانان ژمارە 76ـى ساڵى 1983ـى هەموارکراو، بەتاوان هەژماردەکرێت، بۆیە هەر منداڵێک ئەو کارەى پێ بکرێت بە پێى یاسا تووشی لێپرسینەوەی قانوونى دەبێت لەگەڵ ئەو کەس و لایەنەش کە هانى ئەو منداڵەى داوە. ئەمەش ئەرکى بەدواداچوون کەوتۆتە سەر داواکارى گشتى دەبێت بەردەوام متابعەى بکات و لەگەڵ قایمقامییەت کاربکەن بۆ نەهێشتنى ئەم دیاردەیە".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە "هێزە‌ ئاسایش پارێزە‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵى 2004 و 2011دا كاروبارە‌كانیان به‌ پێى یاسا ڕێكخراوە‌، له‌به‌ر ئه‌وە‌ ئه‌م دە‌زگایانه‌ به‌ شێوە‌یه‌كى شه‌رعی به‌شێكن له‌ پێكهاته‌ فه‌رمیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كار بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و هاووڵاتییانى هه‌رێمه‌كه‌ دەکەن‌ له‌ هه‌ڕەشه‌كان.  هەروەها سەبارەت بە هێزەکانی یەکەی 70 و 80 دەبێت بگوترێت کە فەرماندەی یەکەی 70 و فەرماندەی یەکەی 80 ئەندامن لە ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و پلە بەرز کردنەوەیان لەڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەبێت، ئەم هێزانە لە شەڕی دژ بە داعشدا رۆڵێکی گرینگیان گێڕاو و هەماهەنگییەکی زۆر باش هەبوو لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی 70 و 80. لە پلانی ریفۆرمی پێشمەرگە پرۆژەیەکی تایبەت هەیە بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی یەکەی 70 و 80 بە شێوەیەک کە دامەزراندن، لۆجستی، مەشق و هەموو کاروباری ئیداری لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت".

سەبارەت بە خۆپیشاندان، ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین کە بەردەوام لە راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جەختیان لەسەر دەکرێتەوە رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستاندا ئازادی رۆژنامەگەری، راگه‌یاندن و راده‌ربڕین به‌ پێی یاسا رێکخراوه‌، بۆیە به‌ سه‌دان رۆژنامه، گۆڤار، رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌پێی رێوشوێنی تایبه‌ت مۆڵه‌تی كاركردنیان پێدراوە و مافی رۆژنامه‌نووس و میدیاكاران به‌ پێی یاسا پارێزراوه. سەرەڕای ئەوەش هەرکاتێک رۆژنامەنووس یان دەزگایەکی میدیایی یاسا پێشێل بکات ئەوا بەپێی یاسای رۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007) تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر ناکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان".