به‌دواداچوون بۆ پێدانى كاره‌بای نیشتیمانى به‌ هاووڵاتیان له‌ وه‌رزى هاوین ده‌كرێت

لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ پرسی كاره‌با ده‌كات

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌ ، لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت ، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە گرفتەكانی بەردەم پێدانی كارەبای نیشتمانی لە وەرزی گەرماو ئەو زیادەڕۆییانەی دەكرێن و دابەشكردن و گواستنەوەی كارەبا، سەعات 10:30ى پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13/5/2019،  بەسەرپەرشتیی بەڵێن ئیسماعیل، سەرۆكی لیژنەو ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئومێد ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشكردنی كارەبای هەرێم كۆبووه‌وه‌.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، كه‌لە كۆبوونەوەكەدا چۆنیەتیی دابەشكردنی كارەباو كێشەو گرفتەكانی بەردەم كەرتی كارەبا  گفتوگۆیان لەسەر كراو بەڕێوەبەری گشتیی دابەشكردنی كارەبای هەرێم بەرنامەو كارەكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی خسته‌ بەردەم لیژنەكە و رایگه‌یاند: "لەئێستادا هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بەسێ‌ هەزار مێگاوات كارەبا هەیەو لەوەرزی گەرماو زستان زۆرترین خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا هەیە"، گووتیشی: "پڕۆژەی ستراتیژیی پێوەری زیرەك كەوتۆتە بوارى جێبەجێكردنه‌وه‌".

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتون لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە هەماهەنگی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشەو گرفتەكانی بەردەم كەرتی كارەبا بده‌ن

 

1

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز