ھادی عامری:  ئەگەر شەڕ رووبدات، ھەموومان دەسوتێنێت

ھادی عامری: ئەوەی خوازیاری ئەو شەڕەیە تەنیا ئیسرائیلە

ھادی عامری سەرۆكی ھاوپەیمانێتی فەتح رایدەگەیەنێت، ئەگەر شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا روویدا، ھەموومان دەسوتێنێت و داواش دەكات، ھەمووان كار بۆ دوورخستنەوەی ئەو شەڕە لە عێراق بكەن.

ھادی عامری،  لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئایینی و ئەخلاقی ھەموو لایەكە، كار بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ بكەن، یەكەمجار لە عێراق و پاشان لە ھەموو ناوچەكە".

عامری، ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەگەر شەڕ روویدا، ئەوا ھەموومان بە ئاگری ئەو شەڕە دەسوتێین".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ھادی عامری ئەوەشی خستووەتەڕوو"ھەردوو لایەنی ئێران و ئەمەریكا نایانەوێ شەڕ رووبدات، ئەوەی خوازیاری ئەو شەڕەیە تەنیا ئیسرائیلە".

داواش لە ھەموو لایەنە عێراقییەكان دەكات، كار بكەن بۆ ئەوەی نەبنە سوتماكی شەڕەكە و رێگە لە سەرھەڵدانی بگرن.