ئەمەریکا: پابەندین بە کارکردن لەگەڵ ھەموو پێکھاتە ئاینیەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان

كۆنسوڵگەی ئەمریكا لە هەولێر لێدوانێكی بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە كۆنسوڵگەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر لێدوانێكی ھاوبەشی ستیڤ فەیگن كۆنسوڵی گشتی و ماکس پریمۆراک نوێنەری تایبەتی پرۆگرامەکانی تایبەت بە یارمەتیدانی کەمینەکانی بڵاو كردەوە.

لە لێدوانەكەدا هاتووە "ئەمەریکا پابەند دەمێنێتەوە بە کارکردن لەگەڵ ھەموو پێکھاتە ئاینیەکان لە عێراق، بە ھەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، بەردەوام دەبین لە ھەماھەنگیکردن و بە لە نزیکەوە کارکردن لەگەڵ ھاوشانە لۆکاڵیەکانمان و ڕابەرانی کۆمەڵگا بۆ جێبەجێکردن و چاودێریکردنی ئەو پرۆگرامانەی لە ئێستە و داھاتووش بە پارەی ئەمەریکا تەمویل دەکرێن لە سەرانسەری وڵاتدا، سەرەڕای گۆڕانکاری لە باری ئیشکردنماندا، پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتە ئاینیەکان کاری لە پێشینەی سەرۆک و جێگری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە".

ئاماژەش بەوە دراوە "وەک پشتیوانیکردن لە بڕیاری جێگری سەرۆک لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ھەروەھا لە ڕێی دەرچواندنی یاسای ه.ڕ ٣٩٠، ئەمەریکا وەبەرھێنان دەکات بە تایبەتی بۆ یارمەتیدانی پێکھاتە ئاینی و نەژادیە چەوسێندراوەکان لە باکووری عێراق بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و کۆمەڵگاکانیان ببووژێننەوە. ئەم کۆمەکانە ھەوڵی کورتخایەن و مامناوەند و دوورمەوداش لەخۆ دەگرن کە یارمەتی پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە دەدات کە ھەنووکەیین و پارێزەری ژیانن و ھەروەھا بووژێنەرەوەن بۆ ئەو خەڵکانە. ھەروەھا دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریە گرنگەکان دەگەڕێنێتەوە و ژێرخانە گرنگەکان نۆژەن دەکاتەوە و ھەلی کار باشتر دەکات و پشتیوانیکردنی کار و بازرگانی لۆکاڵی دەکات و ھەروەھا ھانی کاراکتەرە لۆکاڵی و نیشتیمانیەکان دەدات بۆ ڕێگەگرتن لە کارەسات لە داھاتوودا".

لە لێدوانە هاوبەشەكەدا ئەوەش هاتووە "دەرفەتی زۆرمان ھەبووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە خەڵکی ناوچەکە خۆیان و پاڵپشتی داراییمان بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ دابین کردووە لە قەرەقۆش و کەرەملێس و باشیقە و شێخان و تەلسقۆف و لالش و ئەلقۆش و شەنگال و موسڵ و ناوچەکانی تر. بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانینە فراوانکردن و تۆخکردنەوەی ئەم کاری پێکەوەیی و ھاوبەشیکردنە گرنگانە".

لە كۆتاییشدا رایانگەیاندووە كە بە خۆشحاڵیەوە دەڕواننە کارکردن لەگەڵ سەرجەم پێکاھاتە ئاینیەکان و کەمینەکان لە عێراق، تا بەردەوام بن لە بە ئەنجامگەیاندنی ئەم کارە گرنگە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکانیان و ڕێخۆشکردن بۆ عێراقیەکان لە سەرجەم مەزھەبەکان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بە سەلامەتی و بە شکۆوە.