هاوردەكردنی مریشك و هێلكە و ماسی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستی پێداویستی ناوخۆ پڕبكرێته‌وه‌


پرۆژە یاسای قەدەغەكردنی هاوردەی مریشك لەلایەن عیراقەوە جێبەجێكرا و داوا لە هەرێمی كوردستانیش دەكرێت پابەندی یاساكە بێت و هاوردەی مریشك رابگرێت.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی  لە كۆنكره‌یكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند "عیراق لە 18ی ئەم مانگەدا بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هێنانی مریشك و هێلكەو ماسی بەستوو، داواش لە حكومەتی هەرێم كراوه‌ پابەندی ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراق بێت.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی گوتیشی: نزیكەی 800 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری هەیە لە سلێمانیدا، كە خۆی دەبینێتەوە لە هەزار و 250 هۆڵی بەخێوكردنی مریشك و جوچك، كۆمەڵێك پڕۆژەی تریش بەڕێوەن، بۆیە داواكارین ئەو بڕیارەی عیراق بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەوكاتیش هەلیكار بۆ دەیان هەزار كەس دەڕەخسێنرێت.

لایخۆیەوە نازم عەبدوڵا وتەبێژی‌ كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی گوتی: دەتوانین پێداویستی ناوخۆ پڕبكەینەوە و لەئێستادا بەرهەمهێنانی مریشك لەپێداویستی ناوخۆ زیاترە، ساڵانە بە هەڵەبجە و گەرمیانەوە 67 هەزار تۆن مریشكمان پێویستە، لەكاتێكدا 167 هەزار تۆن مریشكیش بەرهەمدەهێنرێت.

پ: سامان زاهیر