پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک: لەگەڵ یەکێتی دوو هاوبەشی سەرکەوتووین

راکان جبووری: هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە

پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك ئاشكرای دەكات، لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گفتووگۆ و دانووستانیان هەیە، بەڵام لە پارتی دوورن.

راکان جبووری، پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر باشە و لەسەر پرسەکانی تایبەت بە کەرکووک گفتوگۆ و راوێژ بە یەکەوە دەکەن و دوو هاوبەشی سەرکەوتوون.

گوتیشی، هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە و میدیاکانیش رۆڵێکی خراپ لەو دۆخە دەگێڕن.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو، شەپۆلێکی بە عەرەبکردن لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و دیالە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژڕاو دەستیپێکردووە و کوردەکانی ئەو ناوچانەش، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بە رۆڵگێڕی ئەو شاڵاوە تۆمەتبار دەکەن.