گۆشتی سه‌رشه‌قامه‌كان و مۆرنه‌كراو ده‌ستى به‌سه‌ر داده‌گیرێت

هۆشداری به‌گۆشت فرۆشان ده‌درێت

بەهۆی سەربڕینیان لە شەقام و كۆڵانەكان، و بەدەر لە ڕێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك گۆشتی سووردا دەگرن.


دەروێش فەرەج، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەكان رایگه‌یاند: لەدوو رۆژی رابردوودا، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەست بەسەر چەند ئاژەڵێكی سەربراودا گیراوە، كە خاوەنەكانیان بەدەر لە رێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان سەریاندەبڕن و لە شەقام و شارێكان، بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن.

 
دەروێش فەرەج وتی: پێشتر و چەند جارێك ئەو گۆشتفرۆشانە ئاگادار كراونەتەوە، كە ئاژەڵەكانیان ببەن بۆ كوشتارگەی سلێمانی لەپاش پشكنین و دڵنیابوونەوە ئاژەڵەكانیان ببڕن، پێشیان ووتراوەكە لیژنەكانی قائیمقامیەت رێگری لەو گۆشتفرۆشانە دەكات لەماڵەوە یان لە شەقام و كۆڵانەكان ئاژەڵ سەردەبڕن.


ووتیشی: ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقام و شارێكاندا دەفرۆشرێت، پشكنینان بۆ ئەنجام نەدراوە دوور لە رێنماییەكانیان سەردەبرێن، هەروەها گۆشتەكەی گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی لێدەكرێت كە مەترسی بۆسەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات. 


نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی، داوا لە هاوڵاتیان دەكات، كە بەرلەكڕینی دڵنیابنەوە لە ئەو مۆرەی بەسەر گۆشتەكەوەیە لە هەبوونی گۆشتی مۆرنەكراو لە دوكانی گۆشفرۆشەكاندا لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاگادار بكەنەوە، هەروەها ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن لەشەقام و شاڕێكاندا دەفرۆشرێت.


دەورێش فەرەج ئاماژەی بەئەوەش كرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، ئاژەڵە سەربراوەكان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری سلێمانی دەكرێت، و ئەو ئامێر و ئەوكەلوپەلانەی بۆكاری گۆشتفرۆشتن بەكاردەهێنرێت لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێت، هەروەها خاوەنی ئاژەڵەكانیش رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

شوان عه‌زیز