له‌ئه‌گه‌ری كڕینی سیستمی S-400ی رووسی داوای سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌كرێت

پڕۆژه‌ بڕیارێك پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا كراوه‌

پڕۆژه‌ بڕیارێك پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا كراوه‌ كه‌ داوا ده‌كات له‌ ئه‌گه‌ری كڕینی سیستمی S-400ی رووسی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌، توركیا له‌ به‌رنامه‌ی F-35 بهێندرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و فرۆشتنی F-35 به‌ توركیا رابگیرێت و سزاش به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێندرێت.

په‌رله‌مانتاری دیموكراته‌كان له‌ بازنه‌ی نیویۆرك، ئێلیۆت ئه‌نگڵ و په‌رله‌مانتاری كۆمارییه‌كان له‌ بازنه‌ی تێكساس، مایكڵ مه‌ككاوڵ له‌باره‌ی كڕینی سیستمی S-400ه‌وه‌ له‌ لایه‌ن توركیا پڕۆژه‌ بڕیارێكیان پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كردووه‌.

له‌ پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ توركیا هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران كردووه‌ و تیایدا نووسراوه‌ "پلانی كڕینی S-400 له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ ئاسایشی ئه‌مریكا و هاوبه‌شه‌كانی ناتۆ بنكۆڵ ده‌كات. په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا لاواز ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی هێرشبه‌ری هاوبه‌شی F-35 و به‌شداریكردن له‌ به‌رهه‌مهێنانی F-35 ناگونجێت".

له‌ پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ به‌رنامه‌ی F-35 توركیا زۆر چه‌ك و ئامێری له‌ ئه‌مریكا وه‌رگرتووه‌ و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش به‌ ته‌واوی پشتیوانی فرۆشتنی پاتریۆتیان كردووه‌ به‌ توركیا.

له‌و پرۆژه‌یه‌دا كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا ئیدانه‌ی توركیای كردووه‌ به‌ هۆی كڕینی S-400، داوا كراوه‌ ئه‌گه‌ر توركیا S-400ی كڕی له‌ به‌رنامه‌ی F-35 ده‌ركرێت و فرۆشتنی F-35 به‌ توركیا رابگیرێت.

هه‌روه‌ها له‌ پرۆژه‌كه‌دا داوا كراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر توركیا S-400 كڕی ئه‌وا له‌ چوارچێوه‌ی یاسای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ به‌ سه‌پاندنی سزا (CAATSA) ته‌واوی سزاكان به‌سه‌ر توركیادا جێبه‌جێ بكرێت.