وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق: كارمه‌ندانی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل عێراقیان جێنه‌هێشتووه‌

به‌رده‌وامن له‌كار كردن

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌وه‌ وابڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ كارمه‌ندانی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئه‌مه‌ریكی له‌ عێراق گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ریكاو عێراقیان جێهێشتووه‌، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و  له‌مباره‌یه‌وه‌ فه‌یاز حه‌سه‌ن ، بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ كاروباری ده‌رهێنان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، به‌رپرسانی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئه‌مه‌ریكی دووپاتیان كردۆته‌وه‌ هیچ كارمه‌ندێكیان له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی ڕۆژئاوای قوڕنه‌ له‌ پارێزگای به‌سڕه‌ نه‌كشاوه‌ته‌وه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا. له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو ، كارمه‌ندانی ئیكسۆن مۆبیل له‌ عێراق، به‌رده‌وامن له‌كار كردن و ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكان باسی لێوه‌ ده‌كرێت دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ عاسم جیهاد ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وت ڕایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زاره‌تی نه‌وت پابه‌نده‌ به‌ دابینكردنی ژینگه‌ی ئه‌منی گونجاو بۆ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌ و پارێزگاریكردن له‌سه‌لامه‌تی كرێكارانی كۆمپانیاكان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان كار بۆ ئه‌و ئامانجه‌ ده‌كات.