ئاڵۆزی و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نرخی نه‌وتیان له‌ بۆرسه‌كانی جیهان به‌رزكردۆته‌وه‌

خواستی نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێویستی به‌بڕێكی زیاتر ده‌بێت

هه‌رچه‌نده‌ بڕی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكی به‌شێوه‌یه‌كی پێشبینینه‌كراو به‌رزبۆته‌وه‌، به‌ڵام هێرشكردنه‌ سه‌ر دوو وێستگه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی سعودیه‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ی نه‌وتی ئیمارات و دوو كه‌شتی سعودی له‌ ناوچه‌ی كه‌نداو، ئه‌م ڕووداوانه‌ نرخی نه‌وتیان له‌ بۆرسه‌كانی جیهان به‌رزكردۆته‌وه‌‌،  له‌ دوایین مامه‌ڵه‌كاندا نرخی نه‌وت هه‌ڵكشانی به‌خۆوه‌ بینی و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت به‌ حه‌فتاو یه‌ك دۆلارو حه‌فتاو حه‌فت سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا، به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا سفرو پۆینت حه‌فت به‌رزبۆوه‌ كه‌ هاوتایه‌ به‌ په‌نجاو سێ سه‌نت. به‌هه‌مان شێوه‌ نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكی ناسراو به‌ نایمێكس هه‌ڵكشانی به‌خۆوه‌ بینی و هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ شه‌ست و دوو دۆلارو دوو سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراو به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا سفرو پۆینت چوار به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد كه‌ هاوتایه‌ به‌ بیست و چوار سه‌نت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ فه‌رمانگه‌ی زانیاری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاندووه‌ نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌شێوه‌یه‌كی پێشبینینه‌كراو به‌رزبۆته‌وه‌، به‌بڕی پێنج ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار به‌رمیل، ئه‌مه‌ش به‌رزترین ئاسته‌ له‌ ئه‌یلولی دووهه‌زارو حه‌ڤده‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاڵۆزی و پێشهاته‌ سیاسییه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نرخی نه‌وتیان له‌ بۆرسه‌كانی جیهان به‌رزكردۆته‌وه‌.‌

 له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئاژانسی  نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات خواستی نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێویستی به‌بڕێكی زیاتر ده‌بێت له‌ نه‌وتی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ڕێكخراوی ئۆپیك له‌مساڵدا، هۆكاره‌كه‌شی بۆ گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی  ئێران و ڤه‌نزوێلا.