په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كات دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاسایی بكرێته‌وه‌

له‌سه‌ر رووداوه‌كانی دوێنێی گوندی په‌لكانه‌ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك

لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كات و پێی وایه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ھیچ لایه‌كدا نییه‌.

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ھه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی كوردستانی له‌سه‌ر رووداوه‌كانی دوێنێی گوندی په‌لكانه‌ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك ده‌ربڕی.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، جوان یونس رۆژبه‌یانی گوتی: ''دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا دۆخێكی به‌ زۆر سه‌پێندراو له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان سه‌پێندراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ پارێزگای كه‌ركووك خه‌ڵكی كورد رووبه‌ڕووی مامه‌ڵه‌ی نا ده‌ستووری ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ره‌فتاری رژێمی به‌عس و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌خه‌نه‌وه‌ بیرمان و ئه‌و ھێزانه‌ی ئێستا ھه‌ر كاتێك بۆیان بڕه‌خسێت ئه‌وا خه‌ڵكی كوردیان ئازار داوه‌''.

گوتیشی: ''نوێترین ره‌فتاری ئه‌و ھێزانه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی په‌لكانه‌یه‌ كه‌ ھێزێكی زۆر و خه‌ڵكێكی عه‌ره‌ب ھێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر كوردانی ئه‌و گوندانه‌ و به‌ ھه‌موو شێوه‌یه‌ك ئازاریان داون''.

ئه‌و گوتیشی: "هه‌ربۆیه‌ش لیژنه‌كه‌ پێی وایه‌ كه‌ ئه‌و دۆخه‌، لێكتێگه‌یشتنی ئه‌م داوییه‌ی نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا و ھه‌وڵه‌كانی لێكگێته‌یشتن ھه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاسایی بكرێته‌وه‌".

دوێنێ، سێشه‌ممه‌ نزیكه‌ی ٢٠٠ چه‌كداری عه‌ره‌ب چوونه‌ سه‌ر ماڵه‌ كورده‌كانی گوندی په‌لكانه‌ی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ قه‌زای دووبز و داگیریان كرد