سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئاڵوگۆڕيان كرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق دەكات


ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 5ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و مارتین وار كونسوڵی به‌ریتانیا لە هەولێر كرد.


لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە جەخت لەوە كرایەوە كە گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان نەبێتە هۆی ئەوەی تەركیز لەسەر شەڕی داعش كەم ببێتەوە.


ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان لە پارێزگای نەینەوا و هەروەها كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ئێزییدییەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دابینكردنی ئاساییش و خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.